ڕێنمایی نوێ بۆ ئەو هاوسەرانە دەردەچێت کە فۆڕمى وەرگرتنى زەویی پڕدەکەنەوە
بەهامیدیا
وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار ڕێنماییەکى ئاراستەى دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیارەکانى کردووە و بەگوێرەى ناوەڕۆکەکەى ئەو هاوسەرانەى کە فۆرمى وەرگرتنى زەوى پڕدەکەنەوە کە ساڵانى خزمەتیان وەک یەک بوو بەڕێکەوتن لە نێوان خۆیاندا یەکێکیان فۆرمەکە پڕدەکاتەوە.
بەگوێرەى ڕێنماییەکان، ئەو هاوسەرانەى فۆڕمى وەرگرتنى زەوى پڕدەکەنەوە کامیان ساڵى خزمەتى زیاتر بوو ئەو کەسە فۆڕمەکە پڕدەکاتەوە و هاوسەرەکەى تەنها پشتگیرى لە فەرمانگەکەى هاوپێچى فۆرمەکە دەکات و ساڵانى خزمەتى هەردووکیان پێکەوە ئەژماردەکرێت، بەڵام زەویەکە بەناوى ئەوکەسە دەردەچێت کە فۆڕمەکەى پڕکردووەتەوە.
باس لەوە کراوە، کارمەندانى دامودەزگا ئەمنییەکان کە پشتگیرییان پێنادرێت، بڕیارێکى تایبەتیان بۆ دەردەکرێت و ئەو دووهاوسەرەش کە ساڵانى خزمەتیان وەک و یەکە ئەوکەسەیان فۆڕم پڕدەکاتەوە کە خزمەتەکەى زیاترە.
بەپێی ڕێنماییەکان ئەو هاوسەرانەى لەیەک جیابوونەتەوە دەتوانن فۆرمەکان پڕبکەنەوە، بەڵام منداڵەکان لەگەڵ فۆڕمى ئەوکەسەیان ئەژماردەکرێت کە دادگا سەرپەرشتیکردنى پێ سپاردووە.
وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار یەکى تشرینى یەکەمى ئەمساڵى دیاریکردووە بۆ گەڕاندنەوەى فۆڕمى سەرجەم وەزارەتەکان و وەزیرى شارەوانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵدا زەوییەکان دابەشدەکرێت.
هـ.ح
|