بەهامیدیا
تا ئێستا حکومەتى هەرێمی کوردستان لیستى مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانى هەرێمی ئامادە نەکردوە و بەغداش داوای بودجەى پێداچوونەوە و داهاتى ناوخۆ دەکات.
بەپێی زانیارییەکانى بەهامیدیا کە لەسەرچاوەیەکی وەزارەتى دارایی هەرێم وەریگرتووە، تا ئێستا لیستى مووچەی مانگی چوار ئامادە نەکراوە، چونکە چەند کێشەیەکی تەکنیکی تێدایە کە بەغدا مانگی ڕابردوو داوای کرد بۆ مانگی نیسان چارەسەر بکرێت، ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا لیستەکە ڕەوانەى بەغدا نەکرێت.
بەوتەى سەرچاوەکە بەغدا لە مانگی یەکەوە داوای بودجەى پێداچوونەوە دەکات کە تائێستا هەرێم بۆ بەغدای نەناردووە، ئەم مانگە هەرێم دەیەوێت لەگەڵ لیستى مووچە بۆ بەغدای بنێرێت.
هاوکات بەغدا داوای داهاتى ناوخۆشی کردوە، وەک سەرچاوەکەى بەهامیدیا باسیکرد، ئیستا وەزارەتى دارایی سەرقاڵی کۆکردنەوەى داهاتى پارێزگاکانە بۆ ئەوەی ڕەوانەى بەغدا بکرێت.
سەبارەت بەو بڕەى کە بڕیارە ئەم مانگە داهاتی ناوخۆ ڕەوانەى بەغدا بکرێت، سەرچاوەکەی بەهامیدیا وتی: تا ئێستا نازانین ئەو بڕە چەندە، مانگی شوبات زیاتر لە ٤٨ ملیار دینارمان خستە سەر حسابی وەزارەتى دارایی عێراق، تەقریبن ئەمجارەش هەر لە دەوری ئەم بڕە دەبێت کەمێک زیاتر یان کەمتر.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە بەغدا بودجەى پێداچوونەوە و داهاتی ناوخۆ و چارەسەری کیشەکانى لیستى مووچەی مانگەکانى ڕابردووی کردوە بە مەرج بۆ ناردنى مووچەی مانگی ٤ی مووچەخۆرانى هەرێم.
وەک سەرچاوەکە ڕوونیکردەوە، لەم هەفتەیەدا هەرسێ مەرجەکەى بەغدا جێبەجێ دەکرێت و بودجەی پێداچوونەوە و داهاتى ناوخۆ و کێشەکانى لیستى مووچە لەم چەند رۆژە ئامادە دەکرێت و دواتر شاندێکی تەکینکی وەزارەتى دارایی دەیباتە بەغدا.