بەهامیدیا
ڕۆژێک مەلا نەسرەدین بۆ خۆشتن ئەچێت بۆ حەمامی شار، لەوێ ڕێگەی پێنادرێت بچێتە ژوورەوە و پێی دەڵێن :- ئەم حەمامە تایبەتە تەنها بۆ ئەو کەسانەی کە زۆر ناوبانگن.
مەلا نەسرەدینیش دەپرسێت: مەبەستتان لە خەڵکی بەناوبانگ چیە و کێیە؟
کابرای خاوەن حەمامیش دەڵێ :- مەبەستم ئەو کەسانەیە کە لە شاردا ناسراون و لە هەر شوێنێکەوە ئەڕۆن خەڵکی دەستیان بۆ ڕادەکێشن.
مەلا نەسرەدین بەم وەڵامە نیگەران دەبێت و دەگەڕێتەوە ماڵەوە، مەلا نەسرەدین گوێدرێژێکی دەبێت، ڕۆژێکیان هەرچی پەڕۆ و پاتاڵ و پارچەی شکا و شتی بێ کەڵک هەیە بە گوێدرێژەکەیدا هەڵی دەواسێت و خۆشی ڕووەو پشت سواری گوێدرێژەکەی ئەبێت، بۆ چەند ڕۆژێک بەم جۆرە بەناو تەواوی شاردا دەگەڕێت.
بەم کارەى مەلا نەسرەدین دەبێتە جێگای باس و خواسی خەڵکی شارو ئیتر هەموو کەسێک دەیناسێت و ناوبانگ دەردەکات، ئەوەى دەیبنێت دەڵێت، تۆ ئەو کابرایە نیت ڕووەو پشت سواری گوێدرێژەکە بوویت؟ ئینجا دەچێتەوە بەردەم حەمامەکە و ڕێگەی پێدەدەن بچێتە ژوورەوە.
بە مەلا نەسرەدینیان دەوت بۆچی ئاوا سواری گوێدرێژ بوویت، ئەویش دەیوت (من بە پێچەوانەوە سوار گوێدرێژەکەم نەبووم، بەڵکو گوێدرێژەکەم بە پێچەوانەوە دەڕوات).
ئەم چیرۆکە ئەوە دەگەیەنێت، کاتێک بە پێچەوانەوە سواری هەموو بەها و عورفێکی کۆمەڵایەتی و مرۆیی دەبیتەوە و هەرچی ناشیرینی و هەڵەیە هەیە ئەیکەی بەخۆتدا و نیشانی خەڵکی ئەدەیت ، لە ماوەیەکی کەمدا دەناسرێت وەلێ تا مردن بە ناشیرینی ناوت دەمێنێتەوە.
گرنگ نییە چەندێک لە خەڵکی دەتناسن، گرنگ ئەوەیە کێن ئەوانەی کە ئەتناسن؟ ڕێگاکانی دەرکەوتن و خۆناساندن بەخەڵکی زۆر و ئاسانن، بەڵام ڕێگاکانی هێشتنەوەی مرۆڤ بە سەنگینی و سەلاری، سەخت و کەمن.