نێچیرڤان بارزانی: كۆمپانیاكانی داوای نزیكەی 20 دۆلار دەكەن بۆ هەر بەرمیلێك

2024-10-30    127

بەهامیدیا 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە، كۆمپانیا بیانییەكان بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت داوای 20 دۆلار دەكەن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیداری میری لە هەولێر ڕایگەیاند"ئەو حاڵەتەی كە ئێستا هەیەو نەوتەكە لەرێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە ناكرێت، زەرەرمەندی گەورە خودی عێراقە، لەدوای داخستنی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە تائێستا عێراق بەلای كەمەوە نزیكەی 15 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە، بەغداد بۆ بیر لەوە ناكاتەوە؟!" نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێ.

سەبارەت بە ناكۆكییەكانی بەغدادو هەرێم لەسەر پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ توركیا، نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای کرد، بەغداد باس لەوە دەكەن كە گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان جیاوازن، گرێبەستەكانی ئێمە گرێبەستی هاوبەشیكردنن، كۆمپانیاكان دەبێت ڕازی بن بەوەی كە وەریدەگرن، گرێبەستەكانی عێراق خزمەتگوزارین، بەڵام لە هەندێك شوێن گرێبەستەكانیان وەكو ئێمەیە بۆ نمونە لە شوێنێكی وەكو گەیارە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك ئەوان نزیكەی 26 بۆ 27 دۆلاریان داناوە.

سەرۆکی هەرێم باس لەوەش دەکات، باشە لەبەرچی بۆ هەرێمی كوردستان كۆمپانیاكان داوای نزیكەی 20 دۆلار دەكەن نایكەن و لەسەر ئەوە بابەتەكە راوەستاوە.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: من ئێستا بە دەرفەتی دەزانم داوا لە بەغداد بكەم بەشێوەیەكی دروست و عاقڵانە بیر لەو بابەتە بكاتەوە، بەشێوەیەكی ئابوری نەك سیاسی، بە شێوەیەكی ئابوری لە كوێی عێراق زەرەری كردووەو لە كوێی عێراق قازانجی كردووە، ئاوا سەیری بابەتەكە بكات.

بارزانى پێیوایە، چارەسەری دروست ئەوەیە كە جارێكی تر دەبێت نەوتی كوردستان وەكو نەوتی عێراق بچێتە ناو بۆرییەكەو لەوێوە هەناردەی دەرەوە بكرێت، كێشەكە توركیا نییە، كێشەكە لە بەغدادەو لەم پرۆسەیەدا زەرەرمەندی گەورە عێراقە".