هەنگاوەکانى تەوتینکردنى مووچەخۆرانى هەرێم چییە و مووچەخۆر چۆن مووچەکەی وەردەگرێت؟
بەهامیدیا:
بەپێی بریاری دادگای فیدراڵی عێراق کە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ دەریکردوە، پێویستە مووچەخۆران هەژماری بانکی لە یەکێک لەو بانکە فیدراڵیانە بکەنەوە کە بانکی ناوەندی عێراق مۆڵەتى پێداون، بە تایبەت هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید.
هاوکات بانکی ناوەندی مووچەخۆرانى سەرپشک و ئازاد کردوە لە چی بانکێک هەژمار دەکەنەوە ئەوە ئارەزووی مووچەخۆرەکەیە، بەڵام بەو مەرجەی بانکەکە فیدراڵی بێت و مۆڵەتى لە بانکی ناوەندی هەبێت.
بۆ ئەوەى مووچەخۆرێک تەوتین بکات، پێویستی بە چەند هەنگاوێکە:
قۆناغی یەکەم: پێویستە هەنگاوی یەکەم و بەر لە هەر شتێک بانکە فیدڕاڵییەکان لقی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، واتە تا لقی بانکەکان نەکرا بێتەوە ناتوانرێت دەست بە هیچ مامەڵەیەکی تەوتین بکرێت.
قۆناغی دووەم: دوای هەنگاوی یەکەم کە کردنەوەى لقی بانکییە فیدراڵییەکانە لە هەرێم، مووچەخۆری حکومەت هەژمار بکاتەوە لە هەر یەکێک لەو بانکە فیدراڵییەى خۆی دەیەوێت و هەڵیدەبژێرێت.، لەم حاڵەتەدا مووچەخۆر فۆڕم پڕ ناکاتەوە، بەڵکو خۆی بەسەرجەم بەڵگە و پێداویستییەکانییەوە دەچێتە بانکەکە و هەژمار دەکاتەوە.
قۆناغی سێیەم: جیاکردنەوەى لیستى ناوی ئەو مووچەخۆرانەی کە چوون هەژماریان لە لقی بانکە فیدراڵییەکان لە هەرێم کردوەتەوە، دەبێت حکومەتى هەرێم ناوی ئەو مووچەخۆرانە بۆ بەغدا بنێرێت، ئینجا بەغدا مووچەکانیان بۆ ئەو بانکانە بنێرێت، واتە ئەم هەنگاوەش لەڕێی حکومەتى هەرێمەوە دەکرێت نەک لە ڕێگای پارێزگاو یەکە ئیدارییەکانەوە، مووچەخۆر دوای کردنەوەى هەژمارەکەی لە یەکێک لە بانکەکان ڕاستەوخۆ ناتوانێت مووچە وەربگرێت، تاکو ڕاستەوخۆ وەزارەتى دارایی هەرێم لیستى مووچەخۆران نەنێرێت بۆ بەغدا و ئەوانیش نەزانن ئەو مووچەخۆرانە کامانەن کە تەوتینیان کردوە.
قۆناغی چوارەم: دوای ناردنى لیستى مووچەخۆرانی تەوتینکراو، دەبێت بەغدا ڕازی بێت بە لیستەکە، ئینجا نووسراو دەکات و پارەی ئەو مووچەخۆرانە دەخاتە سەر هەژماری ئەو بانکانەى کە مووچەخۆرەکانى هەرێم هەژماریان تێدا کردوەتەوە.
بەپێی ئەم قۆناغانە بێت، مووچەخۆرانى هەرێم ئەگەر تەوتینیش بکەن، ناتوانن بەبێ حکومەتى هەرێم مووچەکانیان وەربگرن، چونکە حکومەتى هەرێم بەرپرسە لە ناردنى لیستى ئەو مووچەخۆرانە بۆ بەغدا بەسەرجەم وردەکارییەکانییەوە، واتە بە پلە و بڕوانامە و ساڵی خزمەتەوە، ئینجا بەغدا دەتوانێت پارەکانیان بۆ بنێرێت.
|