هەرگیز خۆت لە کێشەی خەڵک هەڵمە قورتێنە، با چارەنووست وەک مەڕەکە نەبێت

2024-11-03    33

بەهامیدیا

جارێک ئەسپی جوتیارێک نەخۆش کەوت، ئەسپەکە زۆر شەکەت و هیلاک بوو بەردەوام پاڵکەوتبوو، جووتیارەکە پزیشکی هێنا و پشکنینی بۆ ئەسپەکە کرد، پزیشکەکە لە کاتى ڕۆیشتنى بە جوتیارەکەی وت، ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر ئەسپەکە هەڵنەستایەوە بیکوژە.

 مەڕێکی جوتیارەکەش گوێی لە قسەى پزیشکەکە بوو، بە بەپەلە چووە لای ئەسپەکە و پێی وت: هەستە سەر پێ، ئەسپەکە وتى ناتوانم هیلاکم، ڕۆژی دووەم مەڕەکە چووە لای ئەسپەکە و پێی وت، ئەمڕۆ هەوڵ بدە هەستیتەوە، ئەسپەکە وتی ناتوانم وازم لێبێنە، ڕۆژی سێیەم دیسان مەڕەکە چووە لای ئەسپەکە و پێی وت، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵنەستیتەوە جوتیارەکە دێت و دەتکوژێت.

 ئەسپەکە ترسا و دەم و دەست هەستایە سەر پێی، جوتیارەکە چوو بۆ لای ئەسپەکە بزانێت هەستاوەتەوە یان نا، کە بینی هەستاوەتە سەر پێ و، دەستى بە جوڵە کردوەتەوە زۆر دڵخۆش بوو، لە خۆشی ئەوە، مەڕەکەى سەر بڕی و کردی بەخێر.

پەند وەرگرتن لەم چیرۆکە ئەوەیە کە دەبێت بۆخۆت بژیت و نابێت خۆت سەرقاڵ بکەی بە کێشەى خەڵکەوە، خۆ سەرقاڵکردن بە کێشەى خەڵکەوە، دەبێتە کێشە بۆ خۆت، کە دوور نییە وەک مەڕەکە بە مەرگی خۆت کۆتایی بێت
ئایا تۆش تا ئێستا کەس دەستى خستووەتە کێشەکانتەوە؟