سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای سەرف کردنی ٢٨٤ ملیار بۆ جوتیارانی هەرێم دەکات

2024-11-06    48

بەهامیدیا

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، نوسینگەی سەرۆک وەزیران داوای سەرفکردنی ٢٨٤ ملیار دیناری گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران کرد.

وتیشی: لەگەڵ کاک هەرێم کەمال ئاغا بە دوو نوسراوی جیا، داوامان لەسەرۆک وەزیران محمد شیاع سودانی کرد پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم دواکەوتووەو جوتیاران وا خۆیان بۆ وەرزێکی نوێ ئامادە دەکەن، بەڵام تاکو ئێستە بەشێکی پارەی ئەو گەنمەی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە کە تەسلیم بە سایلۆکانیان کردووە.

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، نوسینگەی سەرۆک وەزیران داوای لە وەزارەتی بازرگانی کردوە کە ئاگاداریان بکات ئەو پارە چەندی ماوە، وەزارەتی بازرگانی ئاماژە بەوە دەکات ٢٨٤ ملیار دینار ماوە بدرێت بە جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە، بەنوسراوی ژمارە (3002/2438500 لە ٣٠/١٠/٢٠٢٤) نوسراو ئاراستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ سەرف کردنی پارەکە.