بەهامیدیا
هەندێ جار پێمانوایە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی ژیان بۆ منداڵەکانمان خێزانەکەمان سەقامگیر و بەختەوەر تر دەبن و پەروەردەیەکی نموونەیی دەکرێن، بەڵام ئەمە هیچ کاتێک مەرج نییە وا بێت.
ئیستا کە تۆ مناڵێکی ١٢ بۆ ١٣ ساڵانت هەیە، ژوورێکی تایبەتت بۆ درووست کردوە، ئایپادێک یان مۆبایلێکت داوەتە دەستی و لە ژوورەکەیدا ئینتەرنێتت بۆ دابین کردوە، ڕەنگە دڵت بەوە خۆش بێت کە منداڵەکەت بەشێوەیەکی جوان پەروەردە کردوە و ئەوەتا هەموو شتێکت بۆی دابین کردوە و لە کۆڵان و سەرشەقام و ئەملاو لا پاراستووتە، بەڵام تۆ بێ ئەوەی بزانی شەقام و کۆڵانەکانت بۆ هێناوەتە ناو ژوورەکەی خۆی، بەڵکو زیاتر لەوەش تۆ جیهانت بۆ هێناوەتە ژوورەوە بۆ مناڵەکەت.
مەڵێ مناڵەکەم عاقڵە و سەیری شتی خراپ ناکات، نەخێر تۆ شتە خراپەکانت بۆ هێناوەتە ناو ژوورەکەی و ئەویش بە یەک کلیک بۆی دەهێنێتە سەر شاشەی مۆبایل یان ئایپادەکەی، مەشڵێ مناڵەکەم حەز ناکات قسە لەگەڵ خەڵک بکات، نەخێر هەر ئەو خەڵکە خراپە لەناو یارییەکاندا لەو شاشانەوە قسە دەکەن لەگەڵیدا.
ئەزانی کە تۆ ژوورێکی تەنیا بە شاشەکان و ئینتەرنێتەوە بۆ دابین دەکەیت، داهاتوو کە مناڵەکەت گەورە بوو گەیشتە گەنجی، خۆت باجەکەی ئەدەیت، ئەوکات لای کەسوکار و خەڵکی و مامۆستاکانی مەڵێ خۆ من وا پەروەردەم نەکردبوو، کێ وای لە مناڵەکەی من کرد، بۆ وای لێهات؟
ئەوە بزانە تەنیا و تەنیا خۆتی، بوویتە هۆکاری خراپی مناڵەکەت، ئەمڕۆ خۆت مناڵەکەت بەم دەردە دەبەیت و لە پیریدا هەر خۆشت باجەکەی دەدەیت.
کەواتە تۆ دایک و باوک ئاگات لە مناڵەکەت بێت، ژوورەکانیان پڕ مەکەن لە شتە خراپەکان با داهاتوویان وێران نەکات، مناڵەکەت با لە دەستی خۆت دابێت و مەیدەرە دەست شاشە بێ بەزەییەکان.