دراما تورکییەکان ئاستى توندوتیژییەکانى خێزانی و دژ بە ژنانی لە تورکیا زیادکردوە

2024-11-23    33

بەهامیدیا

میدیاکانى تورکیا ناوە ناوە بابەتێک دەوروژێنن کە پێیانوایە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی تورکیا کردوە و باس لەوە دەکەن دراماکان  بەشێوەیەکی زۆر ترسناک کاریگەریان لەسەر خێزانەکانى ئەو وڵاتە هەیە.

ئەو میدیایانە کە پشتیان بە توێژینەوە و وتەى پسپۆڕانی بواری پەروەردە و خێزان بەستووە، دەڵێن، دراماکان بەشێوەیەکی زیاتر لە ڕادە توندوتیژیان تێدایە، ئەوە جگە لەو خووە خراپانەى کە پەیوەندیان بە کۆمەڵگەی تورکییەوە نییە.

لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی رۆژنامەی ئەکشامی تورکی لە بابەتێکیدا باس لە زنجیرە تورکییەکان دەکات و توێژینەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا ئەوەى خستووەتەڕوو، دراما تورکییەکان بوونە سەرچاوەی زیادبوونى توندوتیژی لە ناو کۆمەڵگەی تورکیدا، بەجۆرێک کە توندوتیژییەکان هێندە زۆر بوون لەبەرچاوی خەڵک ئاسایی بووەتەوە، ئەوەش دۆخێکی زۆر مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئەو کۆمەڵگەیە.

ڕۆژنامەکە ڕوونیکردوەتەوە، بەپێی توێژینەوەیەک کە ناوەندی کۆمەڵایەتی (قەدەم) ئەنجامی داوە، دراما تورکییەکان بوونەتە هۆکاری زیادبوونى توندوتیژی خێزانى و بەتایبەت توندوتیژی دژ بە ژنان.

هەروەها بەبەگوێرەی توێژینەوەکە کە ڕۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە، تەنها لە 14 درامای تورکییدا زیاتر لە سێ هەزار دیمەنی توندوتیژی دژ بە ژنان هەیە، ئەوەش وایکردوە ئاستى توندوتیژییەکان دژ بە ژنان لەو وڵاتەدا بۆ ئاستێکی مەترسیدار زیاد بکات.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەچەندین خاڵی دیکەش کردوە کە ئەو درمایانە بوونەتە هۆکار بۆ تێکچوونی شیرازەى خێزان، کە تێیدا باس لەوە کراوە زۆربەی بەرهات و چیرۆک و ڕووداوەکانى ناو ئەو درامایانە پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی تورکییەوە نییە و بەشێک نین لە کلتور و ژیانى کۆمەڵایەتى خەڵکی ئەو وڵاتە.