به‌غدا 761 ملیاری بۆ مووچه‌ی مانگی 10 ناردووه‌، به‌ڵام هه‌رێم دابه‌شى ناكات

2024-12-14    126

بەهامیدیا

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی رایگه‌یاند، سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ شاندێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری دارایی ده‌چێته‌وه‌ به‌غداد و له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی عێراق كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی مووچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ئه‌مساڵ و هه‌مواری به‌دجه‌ی ساڵی 2025. وته‌بێژه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ئه‌مساڵ بتوانرێت دابه‌شبكرێت.

هونه‌ر جه‌مال وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی كاربیه‌ڕێكه‌ر بۆ ده‌نگى ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌: به‌شێكى كێشه‌ ته‌كنیكیه‌كانى موچه‌ى سێ مانگى كۆتایی ئه‌م ساڵ چاره‌سه‌ر بووه‌، ماوه‌ته‌وه‌ ته‌مویلى پاره‌ى هه‌رسێ مانگه‌كه‌ بكرێت، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى دارایی گوتیشى، تا رۆژى پێنج شه‌ممه‌ى رابردوو بڕیاری خه‌رجكردنی پاره‌ ده‌رنه‌چووبوو تا بخرێته‌ سه‌ر حسابی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سبه‌ی كه‌ شانده‌كه‌ ده‌چێته‌ به‌غداد، ته‌مویلی مانگی 11 و 12ش بكرێت و بتوانین كێشه‌ی سێ مووچه‌ی ئه‌مساڵ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

ئه‌م قسانه‌ى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌كاتێكدا حكومه‌تی عێراق 761 ملیار دیناری بۆ موچه‌ی مانگی 10 ڕه‌وانه‌ كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم وه‌رینه‌گرتووه‌، به‌ بیانووی كورتهێنان تا ئێستا موچه‌ی مانگی 10ـی دابه‌ش نه‌كردووه‌ و نزیكه‌ی 73 ڕۆژه‌ مووچه‌خۆران چاوه‌ڕێى موچه‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها حكومه‌تى عێراق بڕیارى خه‌رجكردنى 430 ملیار دینارى دیكه‌شى داوه‌، به‌ڵام هێشتا حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ نییه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى موچه‌ بكات.

دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان دروستكردووه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێكی زۆر داموده‌زگاكانى حكومه‌ت له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ى گه‌رمیان و ئیداره‌ى راپه‌ڕێن و قه‌زاى كۆیه‌ بایكۆتی ده‌وامیان كردووه‌ و قوتابخانه‌كانیش داخراون.