بەهامیدیابەپێی زانیارییەکانى بەهامیدیا کە لەسەرچاوەیەکی وەزارەتى تەندروستییەوە دەستیکەوتووە، وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە واژووی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستى گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیایەک کردوە پشکنینی سەرجەم کاڵاو بەرهەمەکانە کە دێنە ناو پارێزگای هەولێرو دهۆکەوە لە تورکیاو ئێران و خوارووی عێراقەوە.
کۆمپانیاکە ناوی نیوستاندەرە و وەزارەتى تەندروستى گرێبەستەکەی بۆ 10 ساڵ ئەنجام دراوە و ئەو کۆمپانیایە پشکنین لە سنووری ئەو دوو پارێزگایە بۆ سەرجەم کاڵاو شتوومەکەکان دەکات.
بەپێی گرێبەستەکە، قازانجی ئەو پشکنینە لە 60% بۆ لە 70% بۆ کۆمپانیاکە دەبێت، گرێبەستەکەش لە کۆتاییەکانى ساڵی ڕابردوو واژووی لەسەر کراوە و ئەنجومەنى وەزیرانیش پەسندی کردوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانى بەهامیدیا، ئەم کۆمپانیایەش نزیکە لە هەمان ئەو کۆمپانیاییەى کە لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتى تەندروستى گرێبەستى تاقیگەکانی لەگەڵ واژوو کردبوو کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە، ئەویش کۆمپانیای "بیدکۆ" بوو، تەنانەت ئەو کەسەى واژووی هەردوو گرێبەستەکەی کردوە هەر یەک کەسە کە پێدەچێت بریکاری هەردوو کۆمپانیاکە بێت.
بەپێی ئەو گرێبەستە بێت نرخی لەسەر ئەو کۆمپانیایانەى کاڵاو شتومەک هاوردە دەکەن بەشێوەیەکی خەیاڵی زیاد دەکات ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی ئەو کاڵایانە دەبێت لە بازاڕەکانى هەرێم کە دواجار لەسەر حسابی گیرفانى هاوڵاتییان دەبێت.
پێشتر ئەو پشکنینیانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانى پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانەوە ئەنجام دەدران بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتییەکانى خۆپارێزی، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتى تەندروستى ئەم گرێبەستەى لەگەڵ کۆمپانیای نیوستاندەر کردوە و لەژێر دەست و دەسەڵاتى بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان دەریهێناوە.
ئەم دوو گرێبەستە مەترسیدارەى وەزارەتى تەندروستى لەکاتێکدایە، کە بەپێی یاسای تەندروستیی گشتى کە لە ساڵی ١٩٨١ دەرچووە لە عێراق، تاقیگەکانى تەندروستى گشتى بەرپرسن لە پشکنینی هەموو ئەو کاڵاو مادانەى لە خواردن و خواردنەوە و دەرمانە پزیشکییەکان دەدرێنە هاوڵاتییان.