کێ بەرپرسیارە؟ئەو هۆکارانەی ئەگەری مردن بەهۆی نەشتەرگەرییەوە زیاد دەکەن

2025-01-15    159

بەهامیدیا

نەشتەرگەری لە کاتێکدا زۆرجار ڕێکارێکی ڕزگارکەری ژیانە، بەڵام هەندێک مەترسی لەگەڵدایە، گرنگە لەوە تێبگەین کە لە زۆر حاڵەتدا ئەو ئاڵۆزییانەی کە دەبنە هۆی مردن لە کاتی نەشتەرگەری یان ماوەیەکی کەم دوای نەشتەرگەری مەرج نییە خەتای تیمی پزیشکی بێت. بەڵکو دەتوانن بەهۆی چەندین هۆکارەوە بێت، کە ڕەنگە هەندێکیان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی پزیشک یان تیمی نەشتەرگەری بێت.

 لێرەدا تێڕوانینێکی گشتی دەخەینەڕوو کە چی دەتوانێت بەشداربێت لەم مەترسیانەدا.

1. بارودۆخی تەندروستی پێشوەختەی نەخۆش

یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکان لە دەرئەنجامەکانی نەشتەرگەریدا تەندروستی گشتی نەخۆشەکە پێش نەشتەرگەرییەکەیە. 

لە حاڵەتی ئەو ژنەی کە بە شێوەیەکی دڵتەزێن دوای نەشتەرگەری دەرھێنانی چەوری لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، دەرکەوت کە پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە. حاڵەتەکانی وەک (نەخۆشی دڵ، شەکرە، قەڵەوی، یان تێکچوونی سییەکان) دەتوانن وا لە جەستەی نەخۆشەکە بکەن کەمتر بەرگەی فشاری نەشتەرگەریەکە بگرێت، ئەمەش مەترسی دەرئەنجامەکان زیاد دەکات. 

تەنانەت ئەگەرنەشتەرگەرییەکەش باش پلانی پێشوەختەی بۆ دانرابێت ھێشتا دەتوانێت ڕووداوێکی نەرێنی دەستپێبکات، وەک جەڵتەی دڵ، کە دەتوانێت ببێتە هۆی مردن، بەتایبەتی ئەگەر حاڵەتەکە بە تەواوی نەزانرێت یان پێشتر چارەسەر نەکرابێت. 

2. مەترسییەکانی بێهۆشکردن

بێهۆشکردن بەشێکی سەرەکییە لە زۆربەی نەشتەرگەرییەکان، دڵنیای دەدات لەوەی نەخۆشەکان ئاسوودە و بێ ئازارن. 

بەڵام بێهۆشکردن خۆی کۆمەڵێک مەترسی هەیە، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە هەندێک حاڵەتی تەندروستی بنەڕەتییان هەیە.

لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا کاردانەوەی نەرێنی بەرامبەر بە بێهۆشکردن دەتوانێت ببێتە هۆی (جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک، یان ئاڵۆزییەکانی تر). 

پزیشکی بێهۆشکەر کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسیانە بە هەڵسەنگاندنی مێژووی پزیشکی نەخۆشەکە و ڕێکخستنی بێهۆشکردنەکە بەپێی حاڵەتی نەخۆش، بەڵام هێشتا ئەگەری ڕوودانی مردن ھەر ھەیە و ئەمە ڕاستیەکی جیھانیە.

3. خوێن مەین و جەڵتەی مێشک

نەشتەرگەری دەتوانێت مەترسییەکانی خوێن مەین زیاد بکات، بەتایبەتی لە قاچەکاندا یان سییەکان، کە هەردووکیان دەتوانن مەترسی لەسەر ژیان دروست بکەن ئەگەر دەستنیشان نەکرێن و بەپەلە چارەسەر نەکرێن. سەرەڕای ئەوەش، نەشتەرگەری گەورە دەتوانێت جەڵتەی مێشک لە هەندێک نەخۆشدا دروست بکات، یان بەهۆی خوێن مەیینەوە یان بەهۆی مەترسییەکانی دیکەی وەک بەرزی پەستانی خوێنەوە. 

ئەم مەترسیانە بەگشتی لە کەسانی پێگەیشتوودا زیاترن یان ئەوانەی کە پێشینەی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانیان هەبووە.

4. هەوکردن

هەرچەندە پزیشکانی نەشتەرگەری و تیمە پزیشکییەکان زۆر ئاگاداری ڕێگریکردنن لە تووشبوونی نەخۆش بە هەوکردن، بەڵام هەر نەشتەرگەرییەک مەترسی تووشبوون بە هەوکردن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

هەوکردنەکان دەبنە هۆی سێپسس (ھەوکردنی توندی خوێن)، کە حاڵەتێکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیان و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە و لە هەندێک حاڵەتدا مردن. 

دیسانەوە، حاڵەتەکانی پێشوەختە وەک نەخۆشی شەکرە یان لاوازبوونی سیستەمی بەرگری لەش توانای جەستە لاوازدەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنەکان.


5. هەڵەی نەشتەرگەری و مەترسییە چاوەڕواننەکراوەکان

لە کاتێکدا کە دەگمەنە، هەڵە لەکاتی نەشتەرگەریدا یان مەترسییە پێشبینینەکراوەکان دەتوانێت ڕووبدات. پزیشکانی نەشتەرگەری و تیمە پزیشکییەکان زۆر ڕاهێنراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە بارودۆخانە، بەڵام هەندێکجار شتەکان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە هەڵەدا دەچن. 

لەم جۆرە حاڵەتانەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە تیمەکانی نەشتەرگەری بەگشتی پرۆتۆکۆڵی توند پەیڕەو دەکەن بۆ کەمکردنەوەی هەڵە و زۆربەی زۆری نەشتەرگەرییەکان بەبێ هیچ کێشەیەک بە سەرکەوتوویی تەواو دەبن.

6. تەحەددیاتی چاکبوونەوە

هەروەها ماوەی دوای نەشتەرگەری دەتوانێت مەترسی دروست بکات، چونکە جەستە چاک دەبێتەوە و هێشتا لاوازە. 

مەترسییەکانی وەک (خوێنبەربوون، کێشەی هەناسەدان، یان کێشەی دڵ) دەتوانن لە قۆناغی چاکبوونەوەدا سەرهەڵبدەن. 

ئەگەر نەخۆشەکە لە ماوەی دوای نەشتەرگەریدا لە نزیکەوە چاودێری نەکرێت ئەوا لەو حاڵەتانەدا مەترسی لەسەر ژیانی زۆرە.

بۆچی هەمیشە خەتای پزیشک نییە؟

لە زۆر حاڵەتدا، تەنانەت بە باشترین پلاندانان و جێبەجێکردن لەلایەن تیمی پزیشکییەوە، ڕەنگە مەترسییەکان سەرهەڵبدەن کە پەیوەندییان بە هۆکارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی پزیشکەکانەوە هەیە. 

زۆر گرنگە تێبگەین کە هیچ نەشتەرگەرییەک بێ مەترسی نییە، و بە بڕیاری ئەنجامدانی هەر نەشتەرگەرییەک دەبێت هەمیشە ئەگەری مەترسییەکان لەبەرچاو بگیرێت، بە تایبەت بۆ ئەو نەخۆشانەی کە حاڵەتی تەندروستی پێشوەختەیان هەبووە.

سەرچاوە: Ready set recover