جوڵەکانى بەغدا سەبارەت بە نەوت و غاز گڕ لە پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا بەردەدات

2025-01-15    162

بەهامیدیا

ڕاپۆرتى بەهامیدیا

کێشەکانى هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتى ناوەندی عێراق تەنیا لە مووچەدا نەماوەتەوە، بەڵکو بۆ ساڵی ٢٠٢٥ نەوتیش دەبێتەوە بە کیشە و ململانێیەکی تر وەک ئەوەى لە دوای ساڵی ٢٠١٣ وە دەستیپێکرد و پەیوەندییەکانى هەردوولا دەباتە قۆناغێکی ترەوە کە دوور نییە بەرەو لێکترازانێکی دیکەیان بەرێت.

ئەگەرچی بەرپرسانى هەرێم و بەغدا ساڵی ٢٠٢٤ لە کۆبوونەوە و دیدارە رۆژنامەوانی و پەیامەکانیان گەشبینی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە کێشەکانى هەرێم و بەغدا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەرەو چارەسەر دەڕۆن و کیشەیەکی ئەوتۆ نامێنێتەوە لەسەر مووچە و بودجە و نەوت، بەڵام هەنگاوەکانى ئەم چەند ڕۆژەى حکومەتى عێراق بەتایبەت سەرۆک وەزیرانى عێراق سەد لە سەد پێچەوانەی ئەو لێدوانە گەشبینانەى ساڵی ڕابردووە و ئێستا پرسی هەناردەکردنى نەوت دەبێتە ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانى ئەمساڵی هەولێرو بەغدا.

هێشتا کێشەى مووچەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر نەکراوە، حکومەتى فیدراڵی یەکەم هەنگاوی کرداری خۆی دەست پێکرد بۆ سەندنەوەی کێڵگە نەوتی و غازییەکان لە حکومەتى هەرێم و سەرپەرشتیکردنى ئەو مەلەفەو بە گرێبەست و هەناردەکردن و داهاتەکەیەوە لەلایەن حکومەتى ناوەندەوە.

لەو چوارچێوەیەدا شەوی ڕابردوو شاندی حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى محەمەد شیاع سوودانى سەرۆک وەزیران، لە لەندەن وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بریتش پترۆلیوم گرێبەستیان بۆ بەرهەهێنانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک ئەنجامدا کە پێشتر ئەو گرێبەستە حکومەتى هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای دیکەدا کردبووی.

 پێشتر حکومەتی هەرێم هۆشداری لەو هەنگاوەى حکومەتى ناوەندی دابوو کە ڕازی نین بەغدا لە کێڵگە نەوتییەکانى کەرکووک گرێبەست لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی دیکەدا بکات، بەڵام سەرۆک وەزیرانی عێراق گوێی بەو هۆشدارییەی هەرێم نەداو گرێبەستەکەی واژوو کرد.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی بڵاوی کردوە بەئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بریتش پترلیۆم بۆ دووبارە پەرەپێدان بەکێڵگە نەوتی وغازیەکانی کەرکووک و دەوروبەری واژوو کرا.

بەپێی زانیارییەکانی بەهامیدیا گرێبەستەکە کێلگەی کۆرمۆری سنوری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمیش دەگرێتەوە کە دەکەوێتە سنوری قادرکەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کە لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دایە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە کە لە چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە بەهامیدیا دەستیکەوتووە بەرپرسانى ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپا لە سەردانەکانیان بۆ لای بەرپرسانى هەرێم و بەغدا ڕایانگەیاندوە، دەیانەوێت هەرێمى کوردستان بەفەرمى نەوتەکەى خۆی بفرۆشێت و لەگەڵ عێراق لەسەر گرێبەست و بڕی ناردن و داهاتەکەی ڕێکبکەون.

هەروەها ئەوەشیان بە بەرپرسانى هەردوولا وتووە، کە پێویستە ئەەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکەن و مافی هەردوولا بەپێی دەستوور و ڕێککەوتنی نوێنیان پارێزراو بێت، چونکە ئەوان نایانەوێت نەوت بە تانکەر بڕوات.

گرێبەستە نوێیەکەى حکومەتى عێراق کە شەوی ڕابردوو لە لەندەن واژوو کرا ئەو هەنگاوە بوو کە حکومەتى هەرێم لێی دەترساو نەیدەویست ڕوو بدات، بۆیە ئەمە دەبێتە کێشەیەکی دیکەى نێوان هەرێم و بەغدا کە پەیوەندییەکان بە ئاڕاستەیەکى ئاڵۆزدا دەبات.

لەدوای دەستپێکردنى هەواڵەکانى حکومەتى عێراق بۆ دەستگرتن بەسەر نەوت و غازی هەرێمدا، مامەڵە و زمانى بەرپرسانى حکومەتى هەرێم بەتایبەت سەرۆکی حکومەتى هەرێم مەسرور بارزانى گۆڕاوە و توندتر بووەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانى حکومەتى هەرێم خۆی و کۆمپانیای دیلۆیت، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٣٢٠ بۆ ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و دەفرۆشرێت، بەڵام تا ئێستا داهاتى ئەو نەوتە بەڕوونی دیار نییە و چەندە و چی لێدەکرێت، جگە لە بازنەیەکی بەرتەسکی بەرپرسانى حکومەت کەس زانیاری لەبارەیەوە نییە.

یەکێک لەو ڕێگایانەى کە نەوتى هەرێمی کوردستانی پێدەفرۆشرێت تانکەرە کە بە قاچاخ حکومەتى هەرێم دەیفرۆشێت و داهاتەکەشی بۆ کەس ڕوون و ئاشکرا نییە، ئەو داهاتەش بەپێی دەستوور دەبێت بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام تا ئێستا داهاتەکەى نەگەڕاوەتەوە.

سەرەتای ئەم مانگە مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتى هەرێم سەردانى تورکیای کرد و لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە لەسەر پرسى نەوت قسەى کردوە، زانیارییە دزە پێکراوەکان باس لەوە دەکەن کە مەسرور بارزانى دەیەوێت نەوتى هەرێم لە رێگای تورکیا ڕەوانەى دەرەوە بکاتەوە بەبێ رێککەوتن ڕەزامەندی بەغدا، بۆیە ئەگەر ئەم زانیاری و هەوڵانەى مەسرور بارزانى ڕاست بن، ئەوا مەترسییەکى گەورە لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت مووچەخۆران دروست دەکات کە ڕەنگە کاردانەوەى توندی بەغدا بەدوای خۆیدا بهێنێت.

دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەوەی "توركیا ر‌ێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی ١٩٧٣ی  پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت".

دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (٢٧٧) لاپەڕەیی لە رۆژی ١٣ی شوباتی ٢٠٢٣ دەرکردووەو لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ بە فەرمی بووە هۆی كە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی ١٩٧٣ تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە.
بەرپرسانى بەغدا ئاماژەیان بەوە کردوە زیانى ڕاگرتنى نەوتى هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣ وە بۆ ئێستا زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار بووە کە بەر بودجە و داهاتى عێراق کەوتووە بەهۆی ڕاگرتنى نەوتى هەرێمەوە.