بەهامیدیا
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئامارەکانى کوشتنی ژنانیان لە دوو مانگی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و مەترسی خۆیان دەربڕی لە زیادبوونی حاڵەتەکان بەهۆی دەربازی بوونى کوژانی ژنان لە یاسا و سزادان.
بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٤ کە ڕێکخراوەکانى بواری مافەکانی ژنان لای خۆیان تۆماریان کردوە و ٤٨ حاڵەتى ژن تۆمار کراون لە هەرێم، هەروەها بەپێی ئەو ئامارە لە کەمتر لە دوو مانگەى ئەمساڵیش ٨ ژن کوژراون.
ئەو ڕێکخراوانە دەڵێن: دەسەڵات بێباکە بەرامبەر کوشتنى ژنان و هۆکاری زیادبوونى ژن کوشتنین بەهۆی دەربازبوونى بکوژانە لە یاسا و سزادان، جگە لە مانەش سستی هەیە لە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکان و لەناوبردنى بەڵگەکان و شێواندنى ڕاستییەکان.
هاوکات باس لەوەش دەکەن، ئامارەکانى کوشتن مەترسیدارن و ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبن و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێباکن لە ئاست ئەم تاوانانە، کە ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانى ڕێکخراوەکانى بواری مافەکانى ژنان و کۆمەڵگای مەدەنی.
ئەو ڕێکخراوانە ئاماژە بەوە دەکەن، تا ئێستا تۆمەتبارەکانى کوشتنى ژنان بەشێکیان دەستگیر نەکراون و بەشێکی دیکەشیان ئازادن، بۆیە داوا دەکەن لە حکومەت هەڵوەستە لەسەر ئامارەکانى کوشتنى ژنان بکات و لەگەڵ ڕێکخراوەکان هەماهەنگی بکات بۆ بەرنگاربوونەوەى ئەم تاوانانە.
ڕێکخراوەکان داوای دامەزراندنى دادگایەکی تایبەتمەند دەکەن بە کوشتنى ژنان وچالاککردنى یەکەکانى نەهێشتنی تاوان و پزیشکی دادوەری لەناوچە جیاوازەکانى هەرێم.