بەهامیدیا
تەعریب کێشەیەکی کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی سیستەمی پادشایەتى لە عێراق، بەڵام حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زیاتر و زیاتر پەرەیان پێدا کە تا ئەم حکومەتەى ئێستای عێراقیش بەردەوامە.
ئەمە تەنیا کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتى و ئابووریشە بۆ هاوڵاتییانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق دروستکردوە.
ئەو زەوییانە لە بنەڕەتدا و بەپێی تاپۆی ڕەشی عوسمانى و دواتریش بەپێی تاپۆی ڕژێمی پادشایەتى عێراق هی هاوڵاتیانى کوردن، بەڵام بەعس بە بڕیارێک ئەو زەویانەی لێ سەندن و دای بە عەرەب و لەسەری نیشتەجێیکردن.
ڕۆژی دوو شەممە سوپای عێراق هێرشی کردە سەر ئەو جوتیارە کوردانەى زەوییەکانیان دەکێڵا، بەڵام لەلایەن هاوڵاتییانى کوردەوە بەرپەرچدرانەوە و ڕێگریان لێکرا.
دوو دیمەنی ساتی هێرشەکەى سوپای عێراق کاردنەوەى زۆری لێکەوتەوە، ئەویش ڕاکشانى جوتیارێک بوو لەبەردەم هامەری سەربازانى عێراق، دیمەنەکەی تریش ڕاکێشانی جوتیارێک بوو بە ملپێچەکەى ملی لەسەر تراکتۆرەکەی کاتێک کە زەوییەکەى دەکێڵا
ڕژێمی بەعس بە بڕیاری ژمارە (٩٤٩)ی ساڵی ١٩٧٧ زەوی لە جوتیارانى کورد سەند و دای بە هاوڵاتییانى عەرەبی سوونە و جوتیارانى کوردیشی لەسەر زەوی و ماڵ و موڵکی خۆیان بێبەش و دەربەدەر کرد.
دەستدرێژییەکەى سوپای عێراق بۆسەر جوتیارانى کورد لەکاتێکدایە کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢١ مانگی ڕابردوو پڕۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵکی بۆ خاوەنەکانیان پەسەند کرد، کە دەبێت حکومەتى عێراق بە ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی ئەو زەوییانە لە عەرەبە هاوردەکان وەربگرێتەوە و بیداتەوە بە هاوڵاتییانى کورد و تورکمان.
ئەو ناوچانە لە دەستوری عێراقدا بە ناوچەی کێشە لەسەر ناوی هاتووە و لە چوارچێوەى مادەی ١٤٠ دا جێگەی کراوەتەوە بە سەر چەندیدن پارێزگادا دابەش کراوە، نەینەوا، کەرکووک، سلاحەدین، دیالە، واست و میسان.
لەسەر ئەو پەلامارەى دوێنێی سوپای عێراق پهرلهمانتاری فراكسیۆنه كوردییەکان لە نوسراوێکدا لەسەر کێشەی جوتیارانی کورد لە کەرکوک داوای دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق دەکەن و داوای سزادانى ئەو سەربازانەش دەکەن بەو جۆرە نایاسایی و نا ئاساییە مامەڵەیان لەگەڵ جوتیارانى کورد کرد.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانى عێراق، بریاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بۆ بەدواداچون لە تەواوی وردەكاری روداوەکە و فەرمانى گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستی کرد سەبارەت بەو زەویانەی كە کێشەیەکە لەنێوان هەرێم و بەغدا.