بەهامیدیا
هێزەکانى ئاسایشی سلێمانى چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنى تیکتۆکچییەکانى دەستپێکردوە، ئەوانە لەسەر سکاڵاى داواکارى گشتى دەستگیرکراون و ماوەى مانەوەشیان لە زیندان درێژکراوەتەوە.
رۆژى دوو شەممەى ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنى هەشت کەسى بەتۆمەتى خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی راگەیاند و وتی: ئەمانە تۆمەتباران لەڕێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردوەتەوە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە.
شەوی ڕابردوو هێزەکانى ئاسایشی سلێمانى تیکتۆکچییەکی تریان بەناوی عیماد چاڵاوی بەتۆمەتى خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەستگیر کرد.
دەزگای ئاسایش ڤیدیۆى تۆمەتبارەکانى لەهەژمارەکانیان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تیک تۆک سڕیەوە و و لۆگۆی دەزگای ئاسایشی لە سەرجەم هەژمارەکان داناوە و لەسەریان نوسراوە "ئەم هەژمارانە راگیراون لەبەر نەشیاوی پۆستەکانیان".
سەلام عەبدولخالق کە وتەبێژى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستانە دەڵێت: دەستگیرکردنى ئەو کەسانە لەسەر داواى داواکارى گشتی بووە، ئەم جۆرە تاوانانە تاوانى ئاشکران کە هەموو کەسێک دەیبینێت و دەزانێت
ئاماژەى بەوەشکرد، جارى وا هەیە پێویست بە سکاڵا ناکات لەبەرئەوەى روونە، ئەوەش کاریگەى لەسەر کۆمەڵگە هەیە، داواکارى گشتیش داواى لە دەزگاى ئاسایش کردبوو بۆ ئەو مەبەستە، بەشێوازێک لە شێوازەکانیش سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە.
وتەبێژى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان ڕوونیکردەوە، ئەوان ئەوەندەیان لەسەرە ئەو کەسانە دەستگیربکەین و رادەستى دادگاى بکەن و رێکارە یاساییەکان لەلاى دادگاکانە.
بەپێی زانیارییەکانى بەهامیدیا کە لە ئاسایشی سلێمانییەوە دەستیکەوتووە هەڵمەتەکە لەلایەن هێزەکانى ئاسایشەوە بەردەوام دەبێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
هاووڵاتیان زۆر دڵخۆشن بە دەستگیرکردنى ئەو تیکتۆکچییانە و دەڵێن، ئەمانە دژی بە ها کۆمەڵایەتى و دینییەکانى ئێمە قسەیان دەکرد و خو و ڕەوشتى منداڵ و گەنجەکانی ئێمەیان خستبووە مەترسییەوە.
هاوکات هاووڵاتییان لە رێگەى هاشتاگێکەوە ئاسایش لەو تیک تۆکچییانەى دیکە ئاگاداردەکەنەوە کە هێشتا دەستگیرنەکراون.
بەپێی یاساى خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، کە ساڵى 2008 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەندکراوە، ئەو کەسانەى ئەو جۆرە تاوانانەیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە لەنێوان 3 بۆ 6 مانگ، یاخود پێبژاردنى 750 هەزار دینار تا 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێن.
لەدواى دەستگیرکردنى ئەو تیکتۆکچییانەوە بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆ و لایڤى نەشیاو لەتیک تۆک کەمتر بووەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەوە لە هەرێمى کوردستان کە بەردەوام سەرقاڵى ئەو کارەن، بەڵام هەندێکى دیکەیان بەردەوامن لە لایڤ و تەنانەت باس لەوە دەکەن کە دواى دەستگیرکردنیان ئازادکراون.
لەدواى دەستگیرکردنى ئەو کەسانەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی هاشتاگى بەرەنگاربوونەوەى بڵاوکراوە نەشیاوەکانى راگەیاند و داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەکاتى بینینى هەر بڵاوکراوەیەکى نەشیاو لەو رێگەیەوە ئاگاداریان بکەنەوە.
هەشتاگەکە بەشێوەیەکى بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و هاووڵاتییان ڤیدیۆى چەندین تیک تۆکچییان داناوە و داوا لە ئاسایش دەکەن دەستگیریان بکەن.
بەپێی زانیارییەکانى بەهامیدیا، تا ئێستا هیچ کام لە تیکتۆکچییەکان ئازاد نەکراون و بەپێی بڕیاری دادوەر تا 3-3 ڕاگرتنی ئەو کەسانە درێژکرایەوە کە لەسەر لایڤ و قسەی نەشیاو لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەستگیرکراون.