بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکەی عێراق رێژەی جیابوونەوەى هاوسەران لە عێراق دوو هێندەى هەرێمە

2025-02-24    242

بەهامیدیا:

بەپێی ئەنجامی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، هاوشێوەییەكی نزیك هەیە لە زۆرینەی وردەکارييەكان، لە نێوان دانیشتوانی پارێزگاکانی عێراق و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بەڵام جیاوازییەکی سەرنجڕاکێش تۆمارکراوە، لە رووی تەمەن درێژی و حاڵەتەکانی جیابونەوە.

ڕێژەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروی (65)ساڵەوەن، لە پارێزگاکانی عێراق (3.66%) کۆی دانیشتوانن، بەڵام لە کوردستان رێژەی بەساڵاچوان گەیشتووەتە (4.4%)، واتە رێژەی بەساڵاچوان لە کوردستان نزیکەی (22%) لەناوچەكانی عێراق زیاترە.

 بە بەراورد بە ڕێژەی کەمی دانیشتوانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ و ژمارەی دانیشتوان بەپێی تەمەنی کارکردن، لە عێراق منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ (11.1%)، لەکاتێکدا لە کوردستان (9.9%)یە، واتە رێژەی منداڵان لە پارێزگاکانی عێراق (12%)زیاترە لە کوردستان.

ئەوەشی دەرخستووە کە لەسەر ئاستی هاوسەرگیری و جیابوونەوەش، رێژەی رەبەنی و هاوسەگیری لە نێوان عێراق و کوردستاندا نزیکی یەکسان بوون بووە، بەڵام ڕێژەی جیابوونەوە لە پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە (1.28%)، لە کاتێکدا لە کوردستان گەیشتووەتە (0.66%)، واتە رێژەی جیابوونەوە لە عێراق نزیکەی (93%) زیاترە لە کوردستان.