چی بکەین کاتێک منداڵەکانمان زۆر جنێو دەدەن.
زۆرێك لە دایک و باوکەکان هەست بەشەرمەزاری و بێزاری دەکەن، کاتێك خۆیان لە ئاستێکی بەرزدا دەبیننەوە و سەیریش دەکەن منداڵەکەیان قسەی ناشیرین و جنێو دەدات، پێویستە دایک و باوکان هەمیشە ئەوەیان لە بیربێت منداڵ لە پڕۆسەی لاساییکردنەوەدایە، بەردەوام هەوڵدەدات رەفتار و قسەکانی چواردەوری دووبارە بکاتەوە.
هەستیار عەلی، چارەسەرکاری دەروونی منداڵان و نەوجەوانان؛ لەم بارەیەوە باس لە کۆمەڵێک هۆکار دەکات کە لەرێگەیەوە منداڵەکانمان فێری جنێودان و قسەی نەشیاو، کە لەم خاڵانەی خوارەوە ئاماژەی پێداوە:
١- لەخێزانەوە فێردەبێت؛ کاتێک ئەبینێت دایک و باوک سوکایەتی بەیەکتری ئەکەن و قسەی ناخۆش بە یەکتری ئەڵێن لەبەردەم منداڵەکەیان
٢- یاخود لە ڕێگەی هاوڕێکانییەوە فێر بووە؛ (هاوڕێی گەڕەك، قوتابخانە ، خزمەکانی).
٣- یاخود لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەلایەتیەکان و شاشەی تەلەفیزیۆنەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتەس پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێتەبەر:
١- دایک و باوک هەوڵبدەن گفتووگۆ و مامەڵەیەکی گونجاو لەگەڵ منداڵ بکەن، بەهیچ شێوەیەک نابێت توندوتیژی بەرانبەر بکرێت.
٢- هەوڵبدەن دووری بخەنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یاخود زۆر کەمی بکەنەوە و بیخەنە ژێر چاودێری خۆیانەوە.
٣- لەسەر بنەمای پاداشت مامەڵەی لەگەڵ بکەن، بۆ نمونە هەرکات دوورکەوتەوە لە وشەی نەشیاو، پاداشت بکرێت و هەرکاتێکیش جنێوی دا پاداشت نەکرێت.
ئەگەر بەم ڕێگایانە چارەسەر نەکرا، یاخود منداڵەکە رەفتاری توندتر و هەڵەی تری هەبوو، ئەوە دەتوانن داوای هاوکاری لە کەسانی پسپۆڕ بکەن.
|