هەموو شتێک سەبارەت بە نرخی پێشنیارکراوی کارەبای ٢٤ کاتژمێری

2025-03-13    280

بەهامیدیا

بەپێی بەدواداچوونێکی وردی بەهامیدیا بۆ نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری "پڕۆژەى ڕووناکی"ی حکومەتى هەرێم کردووە نرخى پێشنیازکراوى کارەباى 24 کاتژمێرى چەندین وردەکاری لەبارەى کیلۆواتى کارەبا و نرخەکەی لەخۆ گرتووە.

وەک لە پڕۆژەکەدا هاتووە و بەهامیدیا دەستی کەوتووە، 400 کیلۆواتى یەکەم، کە بۆ یەکەم جار بەکاردەهێنرێت، نرخەکەى لە نێوان 70 بۆ 80 دینار دەبێت، کە بۆ روونکردنەوەى زیاتر نرخى ناوەندى ئەو بڕە پارەیە (75 دینار) دەبێت.

400 کیلۆواتى دووەم، کە هاووڵاتییان بەکاریدەهێنن لەماوەى مانگێک، نرخەکەى لە نێوان 100 بۆ 120 دینار دەبێت و نرخى ناوەندى ئەوەش (110 دینار) هەژمارکراوە.

ئەوانەى 800 کیلۆوات زیاتر بەکار بهێنن نرخەکان لە نێوان 120 بۆ 140 دینار دەبێت و نرخى ناوەندیش (130 دینار) ئەژمارکراوە بۆ هەر مانگێک.

 هاوکات لە 1200 کیلۆواتیش بەرەو سەرەوە، نرخەکە لە نێوان 140 بۆ 160 دینار دەبێت، کە نرخە ناوەندییەکەى (150 دینار) دەبێت بۆ هەر مانگێک.

بە گوێرەى ئەو نرخانەى سەرەوە، ئەگەر ماڵێک 750 کیلۆوات بەکاربهێنێت لە مانگێکدا، ئەوا 400 کیلۆواتى یەکەم، کەبەکاریدەهێنێت، نرخەکەى (30 هەزار دینار) دەبێت، 350 کیلۆواتى دووەمیش نرخەکەى (38 هەزار و 500 دینار) دەبێت، بەم پێیە نرخى ئەو 750 کیلۆواتە دەبێتە 68 هەزار و 500 دینار لە مانگێکدا.

هەروەها ئەگەر ماڵێک 1000 کیلۆوات بەکاربهێنێت لە مانگێکدا، نرخى 400 کیلۆواتى یەکەم بە (30 هەزار دینار) ئەژمار دەکرێت، نرخى 400 کیلۆواتى دووەم (44 هەزار دینار) دەبێت و نرخى 200 کیلۆواتەکەى دیکەش (26 هەزار دینار) دەبێت، بەم پێیە کۆى نرخى ئەو 1000 کیلۆواتە دەبێتە 100 هەزار دینار لە مانگێکدا.

پرسیارەکە ئەوەیە بەگوێرەى ئەم نرخانە، ئەگەر هاووڵاتى کارەباى 24 کاتژمێری هەبێت لە مانگێکدا چەند پارەى کارەباى بۆ دێتەوە، بۆ ئەوەش پێویستە بزانین ئەو هاووڵاتییە لە مانگێکدا چەند کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێت.

بە پشتبەستن بەو نرخەى پێشنیازکراوە و ئەگەر ناوەندى نرخەکان وەربگرین، دەردەكەوێت ئەو ماڵەى لە مانگێکدا 800 کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێت نزیکەى 90 بۆ 100 هەزار دینار پارەى کارەباى بۆ دێتەوە.