کیمیابارانى هەڵەبجە.. زامێکی هەمیشە بە ئازارو ساڕێژ نەبوو

2025-03-16    221

بەهامیدیا

٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ١٦/٣/١٩٨٨ تاوانێک گوێچکە و ویژدانى هەموو مرۆڤایەتى تاساند، تاوانێک کە بوو بە خاڵێکی ڕەش بەناوچاوانى ڕژێمی سەدام حسێن و زامێکی قوڵ و ساڕێژ نەبوو لە جەستەى گەلی کوردا.
ئەو رۆژانە کە ڕۆژێمی سەدامی لەناوچوو خۆی بۆ ئامادە دەکرد، ترسێکی کەموێنەى خستبووە دڵی هەزاران کەسی شاری هەڵەبجە کە چەکی کۆمەڵکوژ دژیان بەکار دەهێنێت، ئەو بەڵێنەکەی لە ١٦/٣ دا بردە سەر و ٥٠٠٠ هەزار کەسی لەو شارە دا کردە قوربانی مەرامە گڵاوەکانى، بەڵام ئیرادە و خۆڕاگری خەڵکی شارەکەش بەوە کۆتایی هات کە ملی بکەرانى ئەم تاوانەیان بە پەتى سێدارەوە بینی.

کۆتا ڕۆژەکانی جەنگی نێوان ئێران و عێراق، ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆر خۆی جۆش دەدا بۆ تاوانێکی دژە مرۆڤایەتى کە لە جیهاندا وێنەى نەبووبێت، هێشتا هیلاکی و تۆزی جەنگی هەشت ساڵەی بەری نەدابوو کە هێرشی کردە سەر شاری هەڵەبجە و بە بۆمبی ناپاڵم شارەکەی کرد بە ئاگرو خوێناو، بەتیا بەبیانووی ئەوەى کە ئەمە بۆ لەناوبردنى سەربازانى ئێران و پیشمەرگەیە لەو شارە.

هێرشە لە ڕێگەی کیمیاییەوە ئەنجامدرا، کە لە گازی خەردەل و کۆمەڵێک گازی تری تێکدەری مێشک و دەمار پێکهاتبوو، بوونە هۆی برینداربوونی دەیان هەزار کەس و کاریگەری پاشماوەی چەکەکانیش دەیان ساڵە ماوەتەوە، چەندین خێزان و تاکی کورد چیرۆکی تراژیدیان بەهۆی ئەم کیمیابارانەوە لە مێژوودا تۆمار کردووە.
 
کیمیابارانەکە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار کەس و برینداربوونی دە هەزار کەسی تر، ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونیان، کیمیابارانەکەی هەڵەبجە لەلایەن عەلی حەسەن مەجید، سەرداری یەکەمی سوپای عێراق و حزبی بەعس، کە ئەوکات بەرپرسی ئەنفالیش بوو ئەنجامدرا، دواتر بەهۆی کارەکانییەوە لە ساڵی ٢٠١٠ لە سێدارەدرا.
 
پێش کیمیابارانەکەی ١٦ی ئادار بەشێکی دانیشتوانی هەڵەبجە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو، بەڵام بەشی زۆریان مابوونەوە، سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ زیاتر لە حەوت فڕۆکەی جەنگی هاتنە سەر ناوچەی هەڵەبجە، بە موشەک و ناپاڵم شارەکەیان بۆردومان کرد.

دوای ئەم هێرشە بەشێکی دیکەی خەڵک ناوچەکەیان جێهێشت، بەڵام زۆرینەی مایەوە و لە ژێر زەمینی ماڵەکانیان خۆیان حەشاردا، کاتژمێر ١١ی سەر لە بەیانی هەمان ڕۆژ بە چەکی کیمیایی و ناپاڵم هێرش کرایە سەر هەڵەبجە و زۆرینەی ئەوانەی لە ژێرزەمینەکاندا بوون بەهۆی نیشتنی گازەکەوە خنکان.

 زۆرێک لەو خەڵکەی کە هەڵاتبوون بەهۆی ئەوەی هەستیان بە خنکان و بڵق و ئاوساوی و سووتانەوە دەکرد لە جەستەیاندا، پەنایان بۆ ئاو و چەمەکان برد بەڵام بەهۆی ژەهراوی بوونی ئاو و سەرچاوەکان دووبارە ئەوەش بووە مۆڵگەیەکی مەرگ بۆ شەهیدانی کیمیابارانەکە.
 
لەو کاتژمێرەوە تا سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٧ی ئادار، ١٤ جار فڕۆکەکان بە بەردەوامی بۆردوومانی ناوچەکەیان کرد، ئەو چەکانەی بەکارهێنرابوون بریتیبوون لە "سارین، سیانید، فۆسفۆر، تابوون، خەردەل، ڤی ئێکس و گازی دەمارەکان"، شایەتحاڵانی کارەساتەکە دەڵێن چەکی کیمیاییەکە بۆنی سێوی لێدەهات.
 کۆمەڵێک لە خەڵکەکە ڕاستەوخۆ شەهید بوون بەشێکی تریان ماوەیەکیان پێدەچوو، تووشی کۆکە ببون و چاویان ئاوی کردبوو و هەروەها بڵق بەسەر جەستەیانەوە هەبوو، هێرشەکە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر بەرکەوتووان جێهێشت و بووە هۆی لەبارچوونی دەیان منداڵ بە چەند ساڵێک دوای کارەساتەکە.
 
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ویژدانى کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى

 وەک پیشەى هەمیشەی خۆیان کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى نەک هەر بێدەنگ بوون لە ئاست ئەم تاوانە، بەڵکو بیانووشیان بۆ کردەوە قێزەونەى سەدام دەهێنایەوە و دەیانوت، هێرشەکە ئەنقەست نەبووە، هەر لەو کاتە ئەمریکا و دەزگا هەواڵگرییەکان ڕایانگەیاند کە هێرشی سەر کوردەکان ئەنقەست نەبووە و ویستیان تاوانەکە بخەنە پاڵ ڕژێمی ئێران.

 کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد، لە دادگای باڵای تاوانکاريی عێراقدا یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسەکە لە ٢١ی ١٢ی ٢٠٠٨ ئەنجامدرا، لە بەرواری ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند، لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت.

 لە پاش ٣٤ دانیشتنی دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا و یەکلاییکرایەوە، پەرلەمانی عێراقیش لە ١٧ی ئاداری ٢٠١١دا لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە ٤٤ بە بڕیاری ژمارە ١٢ کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام هیچ بڕیارێکیان بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە دەرنەکرد.
 
لەسەر ئاستی عێراق لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق و لە پەرلەمانی عێراقدا بە جینۆساید ناسێندراوە و دانیپێدانراوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا بە جینۆساید دانی پێدانەنراوە، تەنها پەرلەمانی کەنەدا وەک تاکە دەوڵەتێک لە ١٦ی ئاداری ٢٠١٠ وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساندوویەتی نەک تاوانی جینۆساید.
 
بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەر لە کیمیابارانەکە ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزای هەڵەبجە و گوندەکانی یەکەی کارگێڕییەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٨٧ کە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە کرابوو، گەیشتبووە ١١٥.٥٤٠ کەس لە شارەکە و ٢١٦ گونددا نیشتەجێ بووبوون، لە دوای جینۆسایدەکە تەنها ١٨ گوند مانەوە و ١٩٨ گوندەکەی تر وێرانکران و خەڵکەکەی ئاوارەکران و بوونە پەنابەر.

 سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشت بەڕێژەی لە ٪١٠٠ لەناوبرا، بە پێی ئامارەکان لە ٪٦٨ی قوربانییەکان لە خوار ١٨ ساڵەوە بوون، لە ئێستا ٦٧ خێزان داوای ١١٩ منداڵیان کردووە کەلە جینۆسایدەکەدا ونبووە.
 
 
زیاتر لە ٧٠٠ برینداری تۆمارکراوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە هەن و زیاتر لە ٥٠٠ یان حاڵیان زۆر ناجێگیرە، دوای کیمیابارانکردنی ناوچەکە، ڕێژەی لەبارچوون ١٤ ئەوەندە زیادی کردووە، شێرپەنجەی قۆڵۆن ١٠ ئەوەندە و نەخۆشییەکانی دڵ چوار ئەوەندە زیادیان کردووە، شێرپەنجەکانی تر و نەخۆشییەکانی هەناسەدان و کێشەی  پێست و چاو، نەخۆشییەکانی زاوزێ بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەڵەبجە و ناوچەکانی تر کە بەر کیمیابارانکردن کەوتوون زیاتر بوون، ترسیش هەیە لە دروستبوونی نەخۆشییە بۆماوەییەکان.

ئێستا لەدوای ٣٧ ساڵ لەو تاوانە، ئەوە هیچ حکومەتى عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ ساڕێژکردنى ئەو برینە نەناوە، حکومەتى کوردی شارەکەو خەڵکەکەى پەراوێز خستووە و کەمترین کاری کردوە بۆ قەرەبوو کردنەوە و ساڕێژکردنى برینى ئەو تاوانە گەورەیە، هێشتا نەیتوانیوە بەرکەوتوانى چەکی کیمیایی بەتەواوی چارەسەر بکات و دەرمان و ئامێری هەناسەدانیان بۆ دابنێت.

وەک خەڵکی شارەکە دەڵێن، حکومەتى هەرێم نەیتوانیوە شاری هەڵەبجە ئاوەدان بکاتەوە و سیماو بنەماکانى پارێزگاری بۆ دەستەبەر بکات، بەڵکو بەردەوام بەمەبەست بێ یان بێ مەبەست شارو خەڵکەکەی پەراوێز خستووە و کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش کردون، کەسوکاری قوربانیانى قەرەبوو نەکردوەتەوە و هێشتاش بە چەند مانگێک مووچەیەکی کەمیان پێدەدات.

هەموو ساڵێک لە ١٦/٣ دا بەرپرسانى حکومەتى هەرێم و سەرکردەکانى هەرێم پێش ساڵیادەکە سەردانى شارەکە دەکەن و بەردی بەناغەی پڕۆژە دادەنێن و چەندین بەڵێنی جۆراو جۆریان پێدەدەن، بەڵام هەر رۆژێک دواتر هەموو بەڵێنێکیان بیر دەچێتەوە تا ساڵیادی داهاتوو.

ئەوەى لە هەمووی سەیرترو بە ئازارتر بوو بەلای خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەوە ئەوە بوو کە حکومەتى عێراق بەبۆنەى تاوانى کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لەسەرجەم دام و دەزگاکانیدا کردی بە پشوو، بەڵام حکومەتى هەرێم نەیکرد بە پشوو.
ئا:هێمن حەسەن