دكتۆر هێمن خورشید، لە پەیامێکی کورتدا کە لە پێگەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵیاتیەکان بڵاوی کردوەتەوە و ئاراستەی دایکان و باوکان دەکات باس لەوە دەکات کە کیژی ئەمڕۆ زۆر خراپ لە ژیانی ژن ومێردی تێگەیشتووە، پێویستە لە ئەلف وبێوە پێناسەی ئەو ژیانەی بۆ بکرێت.
ناوبراو باس لەوە دەکات کە کچان دەبێت تێبگەینرێن، ژیانی دوای زەماوەند پڕپڕە لە بەرپرسیارەتی و هەنگاوێکە بەرەو گەورەبوون، نەک منداڵبوونەوە و نازونووز.
لە پەیامەکەیدا دکتۆر لە چەند خاڵکدا باس لەو ئامادەکاریانە دەکات کە پێویستە کچان پێش شوکردنیان ودوای زەماوەند بیزانن:
١- دەبێت بە کابان، چێشت لێ دەنێت، ماڵ ڕێک دەخات، میوان بەڕێ دەخات.
٢- دەبێت بە ژن، بۆڵەبۆڵی پیاوی لەسەر زیاد دەبێت، دڵڕاگرتنی مێردی دەکەوێتە سەرشان، بەدەمەوەبوون و خزمەتکردنی مێرد دەبێتە بەشێک لە ئەرکەکانی.
٣- دەبێت بە دایک، گریانی نیوەشەوی منداڵ خەوی لە چاو دەتارێنێت، شیردان و پاککردنەوەی زارۆی بۆ زیاد دەبێت، پەروەردەکردنی منداڵ دەبێتە بەشێکی گەورەی ئەرکەکانی.
کچان پێویستە فێر بکرێن، هاوسەرگیری:
٤- هەمووی مانگی هەنگوینی نییە، هەر تەنیا مانگێکی هەنگوینه، نە زیاتر.
٥- هەمووی خۆبادان و خۆنیشاندان و وێنەبڵاوکردنەوەی تەک مێردی تازە نییە، ئەوە وەک خەوێکی زۆر کورت تێدەپەڕێت.
٦- هەمووی گەشت و گەڕان و تریقوهوڕی خەنینە و شنینەوە نییە.
٧- هەمووی لێوسوورکردن و ماکیاژ و سناپ نییە.
زۆر گرنگە تێبگەیندرێن ژیانی ژن ومێردایەتی لە ژووری نووستن و ماچومووچدا کورت نابێتەوە!
زۆرێک لە کچان لە فیلمە ڕۆمانسییەکانەوە دەڕواننە ژیانی هاوسەرداری، کە خەیاڵێکی خۆش زیاتر نین.
هەر کچێک - هەڵبەت هەر کوڕێکیش- بە خەیاڵی ئەو خاڵانەی سەرەوەوە هاوسەرگیری بکات، زۆر نابات لووتی بە بەردی ئەلحەددا دەتەقێت و هەر دە پەنجەکەی دەگەستێت و لە گێژاوێکدا گیر دەکات، نازانێت چۆن لێی دەرباز بێت.
کچێک نەزانێت ڕێز لە مێرد بگرێت، نکارێت چێشت لێ بنێت، ئادابی میوانداری و بەخێرهێنان و خزمەتکردنی میوان فێر نەبووبێت، چی لە شووکردن داوە؟ ئەو جۆرە کیژە هاوسەرگیری تەنیا بە زرمەزلێ و سەرجێیکردن تێگەیشتوون، کە زۆر نابات لەویش بێزار دەبن!