دوژمنە سەر سەختەکەى ژینگە هەر لە زیاندبووندایە

2025-04-02    110

بەهامیدیا

پاشماوە پلاستیکییەکان کە بە دووژمنە سەختەکەى سەر ژینگە ناسراوە بەجۆرێک زیادی کردوە کە مەترسییەکى گەورەی لەسەر ژینگە درووستکردوە و بووەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر ژینگەو دەریاو زەریاکانەوە.

یەکێک لە هەرە دیوە مەترسیدارەکانى ئەم بەڵایەی ژینگە ئەوەیە کە   پاشماوەکانى لەناوناچن و دەبنە دەنکۆڵەی پلاستیکی بچووک و تێکەڵی هەناسە و ئاو و خۆراک دەبن و بەگوێرەی توێژینەوەکان دەچنە پێکهاتەی رووەکەکانیشەوە.

پسپۆڕانى مادە کیمیایییەکان دەڵێن: ئەو دەنکۆڵانە هەرگیز لەناوناچن، تەنیا بچووک و بچووکتر دەبنەوە و دەچنە ناو خاک، ئاو ، لەشی گیانەوەرەکان و ئێمەشەوە، مایکرۆ پلاستیکییەکان لە جەستەماندان، لە سییەکان و لە مێشکماندان.

هەروەها باس لەوەش دەکەن، نوێترین ئەگەر ئەوەیە ئەو دەنکۆڵانە بە ماددە کیمیایە ژەهراوییەکانەوە دەلکێن و  تووشی جۆرەها نەخۆشیمان دەکەن.

لەوبارەیەوە ڕێکخراوی ژینگەی جیهانی ئاماژەی بە مەترسی مادە پلاستیکییەکان کردوە کە بەخێرایی زیاد دەکەن، بە جۆرێک پیشەسازیی کشتوکاڵ 3٪ـی بەکارهێنانەکانی پلاستیکی لە جیهاندا پێکهێناوە.

بەپێی ئامارەکانى رێکخراوی ژینگەی جیهانی بەکارهێنانی پلاستیک لە 20 ساڵی رابردوودا چوار هێندە زیادی کردووە.