نرخی نەوت بە خێرایی دابەزی و زەرەرمەندی یەکەم عێراقە
بەهامیدیا
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گەورەترین زەرەرمەند لە دابەزینی نرخی نەوت عێراقە، بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە ئابوریی وڵاتەکەی بگات، پێویستە عێراق کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی چالاک بکات.
ئەمڕۆ شەممە ماجید شنگالی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، لەماوەی ٤٨ كاتژمێردا نرخی نەوتی خاوی برێنت ١٠ دۆلار دابەزی و گەورەترین زەرەرمەند لەو دابەزینە عێراقە كە بە رێژەیەكی زۆر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ بوجەی گشتی و ٪٩٠ تێدەپەڕێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، كاتێك باسی مەترسییەكانی بڕیارەكانی ترەمپ، بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر وڵاتان دەكەن، هەندێك لە هەرزەكارانی سیاسی رەخنەدەگرن، بەبێ ئەوەی زانیاری و تێگەیشتنیان هەبێت بۆ ئەوەی روودەدات لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
وتیشی: عێراق لە ئەمساڵدا رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە لە دابینکردنی بودجە بۆ مووچەی مووچەخۆران، بۆ ئەوەی ئەم قەیرانەش روونەدات، پێویستە حکومەت خەرجیی ناپێویست لە بودجەدا کەمبکاتەوە.
شنگالی ڕوونیکردەوە، ئەمە یەكەمجار نیە تارمایی هەرەسهێنانی بازاڕی نەوت هەڕەشە لەسەر عێراق دروست بكات و چەند جارێك ئەم هەڕەشەیە دروستبوە بەهۆی ئەوەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و نەیتوانیوە سەرچاوەكانی داهات فرەچەشن بكات.
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە ئابوریی وڵاتەکەی بگات، پێویستە عێراق کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی چالاک بکات، بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن و پاراستنی ئاسایشی خۆراک و رێگریکردن لە بەقاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوەی وڵات.
|