قوباد تاڵەبانی: سلێمانی دەکەینە ناوەندی داهێنان و کارسازی

2025-04-06    179

بەهامیدیا

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتى هەرێم لە دووەمین کۆڕبەندی کارسازی و داهێنان لە سلێمانى ڕایگەیاند: دەمانەوێت سلێمانى و کوردستان بکەینە ناوەندێک بۆ کارسازیی و داهێنان، چونکە داهێنان داینەمۆی ئابووریەکی بەهێزی داهاتوومانە، بناغەیەکیشە بۆ بازاڕی کاری ئەمرۆ و سبەینێمان، دەتوانین سلێمانى و کوردستان بکەینە ناوەندی داهێنان و کارسازی و پێشکەوتن و گەشەکردنى ناوچەکە.

وتیشی: بەردەوامدەبین لە راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، چاکسازی و بەدیجیتاڵکردنی حکومەت و حوکمڕانی، هەموو شتێمان بۆ گەیشتن بۆ ئەو ئامانجە پێویستە، بۆ ئەمەش مێژوویەکی پڕ لە شانازییمان هەیە میراتێکی قووڵمان هەیە، سامانی سروشتی و مرۆیی زۆر باشمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی زۆرمان هەیە، ئالنگاری زۆرمان هەیە و پێویستە رووبەڕوویان ببینەوە.

تاڵەبانی ئاماژەى بەوەشکرد، بە تواناو زیرەکی و دەستى ناوخۆیی سیستەمی بایۆمەتریمان بۆ مووچە دانا کە ئەگەر ئەم سیستەمە نەبووایە ڕەنگە بەغدا مووچەى بۆ نەناردینایە، سیستەمی بایۆمەتری بوو کە متمانەى داوە بە حکومەتى عێراق کە متمانەى هەبێت بە لیستى مووچەی هەرێمی کوردستان کە ئەوەش بەهۆی داهێنانەوە بوو.

جێگری سەرۆکی حکومەتى هەرێم جەختیکردەوە، کە هاوکاری گەنجان دەکەن بۆ داهێنان و کارسازی بۆ ئەوەش یاسا و بریارەکان دەگۆڕن تا نەبێتە بەربەست لەبەردەم کاروداهێنان.