کوردانی ئێزدی جەژنی سەری ساڵ "چوارشەممەی سوور" پیرۆز دەکەن
بەهامیدیا
سەری ساڵی ئێزدییەكان یەكەم چوار شەممەی مانگی نیسانە ئێزیدییەکان ئاهەنگ دەگێڕن، بەپێی بیرووباوەڕی ئێزیدییەكان لەم رۆژەدا فریشتە (مەلیك تاوس) هاتووەتە سەر زەوی و گەردوون بە سرووشت و جوانی گوڵە سوورەكانی مانگی نیسان ڕازاوەتەوە.
مەراسیمەکانی پەیوەست بە سەری ساڵی ئێزیدییەکان بە چەند قۆناغێکی جیاواز بەڕێوەدەچێت، سەرەتا شەوانی سێ شەممە لە مەزارگە ئاینییەكانی ئێزدییەكان وەکو پەرستگای لالش ژمارەیەکی زۆر مۆم دادەگیرسێنرێن، هاوکات هێلكەی كۆڵا ڕەنگدەکرێن و چەند جۆرێکی خواردن ئامادە دەکرێن وەکو نان بە رۆن و كونج.
بەپێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان یەکەم چوارشەمەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا پشووی فەرمییە لەسەرجەم داموو دەزگاکاندا.
ئێزیدی یان داسنی یەکێکە لە ئایینەکانی کوردستان خاوەنی ڕێسا و نەریتی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان لە باشووری کوردستان و موسڵ و بۆتان و دەربێسیە و حەسیچە و عەفرین و حەلەب و ئەلەگەزی لە ئەرمەنستان وپارێزگای قەرس و ئەردەخانی باکووری ڕۆژھەڵاتی تورکیادا دەژین کوردانی ئێزدی بە کوردی باکووری دەدوێن و هەندێک کات شێوەزاری بەهدینان و زمانی عەرەبی تاڕادەیەک تێکەڵ بە شێوەزارەکەیان بووە
زۆرجار لە زمانی باوی کوردیدا دەوترێت "( یەزیدی)" بەڵام ئەم دەستەواژەیە هەڵەیەو لە ڕاستیدا ( ئێزدییە) کە بە واتای بەندەی خودا یاخوود بەندەی درووستکەر دێت ھەندێک لە لێکۆڵەرانی ڕۆژئاوایی پێیان وایە کە ناوەکە لە خەلیفەی ئەمەوی یەزیدی کوڕی معاویە (یەزیدی یەکەم) وەرگیراوە بەڵام ئێزیدییەکان ھەر جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان ناوەکەیان و خەلیفەکاندا ڕەتدەکەنەوە
بەدرێژایی مێژوو ئێزیدییەکان ٧٢ جار تووشی کوشتن و هێرشی کۆمەڵکووژی بوونەتەوە، بەو هۆیەوە ئێزیدییەکان لە وڵاتەکانی دیکە بڵاوبوونەتەوە هەر ئەم پەلاماروو کوشتارانەی بەرامبەریان کراوە وایکردووە خەڵکانێکی داخراو بن و لەنێو خۆیاندا کۆکن و هەمیشە پێکەوەن و لە یەکتری دانابڕێن و بە خەڵکانی پارێزگار لە ئاین و کولتوورەکەیان ناسراون.
پەرستگای لالش
ئێزیدییەکان پەرستگایەکی تایبەت بە خۆیان هەیە بە ناوی لالش یاخود لالەش. لالش پەرستگای ئایینی كوردە ئێزیدیەكانە و یەکێکیشە لە پەرستگا ئایینیەکانی جیهان، لە ناو دۆڵێكی نیمچە سەختدایە بە دووری ١٢ کیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ناوەندی قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆك.
لالش وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن، "بە پیرۆزترین پەرستگای كوردە ئیزیدیەكان دادەنرێت"، ساڵانە لە جەژنەکانیاندا ئیزیدییەكانی دەرەوەی هەرێمیش دێن سەردانی دەكەن و بەشداری جەژنەكەیان دەكەن.
ساڵانە سەدان گەشتیار و پەیڕەوانی ئایینی ئیزیدی گەشت بۆ لالش دەكەن. بەدەر لەوەش زۆرجار گەشتیاران و گەشتیارانی بیانیش بۆ بینین و شارەزابوون لە داب و نەریتی ئێزیدیەكان گەشت بۆ لالش دەكەن.
لە ساڵی ٢٠١٤ دا لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە هێرش کرایە سەریان و زیاتر سێ کەسیان کوژران و هەزارانیان لە شەنگال ئاوارەبوون و زۆرێک لە ژنانی ئێزیدی وەک کاڵا فرۆشران لە بازاڕەکانی مووسڵ و سووریا هەتا ئێستاش زۆرێکیان نەگەڕاونەتەوە لای خێزانەکانیان سەرەڕای ئەوەی لێرەو لەوێ هەندێکیان هەڵدێن یان دەدۆزرێنەوە.
هـ.ح
|