فشاری دەروونی درێژخایەن مەترسی جەڵتەی مێشک لە ژنانی گەنجدا زیاددەکات

2025-04-16    143

بەهامیدیا

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە فشاری دەروونی درێژخایەن ڕەنگە مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک لە ژنانی گەنجدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. 

توێژەرانی نەخۆشخانەی زانکۆی هێلسنکی لێکۆڵینەوەیان لە ٤٢٦ کەس کردووە کە تووشی جەڵتەی مێشک بوون و بەراوردیان کردووە بە ٤٢٦ کەس لە هەمان گروپی تەمەنی (١٨-٤٩) کە تووشی جەڵتەی مێشک نەبوون. 

بۆیان دەرکەوتووە کە 46%ی نەخۆشانی جەڵتەی مێشک ئاستی فشاری مامناوەند بۆ بەرزیان ھەبووە، لەکاتێکدا تەنها 33%ی ئەوانەی جەڵتەی مێشکیان نەبووە فشاریان ھەبووە. 

ئەوەی جێگای سەرنجە، پەیوەندی نێوان فشاری دەروونی و مەترسی جەڵتەی مێشک بە تایبەتی لە ژناندا بەهێز بووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی لەو جۆرە لە پیاواندا بەدی نەکرا، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە فشار ڕەنگە کاریگەری جیاوازی لەسەر ژنان هەبێت کاتێک باس لە مەترسی جەڵتەی مێشک دەکرێت. 

توێژەران پێیان وایە ئەمە دەتوانێت پەیوەندی بەو ڕۆڵ و چاوەڕوانییە زۆرەوە هەبێت کە زۆرجار لەسەر ژنان دادەنرێت، وەک هاوسەنگکردنی کار، خێزان و ماڵ و بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی منداڵ.

سەرچاوە: healthline