پەرلەمانتارێک: بۆ بەبانكیكردنی مووچە دەبێت بانكە فەرمییەکانی عێراق بن

2025-04-18    72

بەهامیدیا

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ بەبانكیكردنی مووچە، دەبێت ئەو بانكە فەرمییانە بن كە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەیانگرێتەوە.

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە بەهامیدیای راگەیاند، لەڕووی یاساییەوە و بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و رێككەوتنەكانی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم، هاریكارین بۆ ئەوەی هیچ كێشەیەكی مووچە نەمێنێت.

وتیشی: دادگای فیدراڵی ئەوەی یەكلایی كردوەتەوە، پێموایە لە كۆتاییدا دەبێت هەموو ئەو بانكە فەرمییانە بن كە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەیانگرێتەوە و حكومەتیش تەعامولیان لەگەڵ دەكات.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوەى دەمێنێتەوە ئەو لیژنانەی كە هەن لەڕووی داهاتەكان لە نەوتی و نانەوتی، ئەو رێككەوتنانەی كە هەیە دەبێت لەهەردوو لاوە جێبەجێ بكرێن، چونكە لیژنەكان بڕیاریان داوە.

سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم سەرۆکی نابێت حكومەتی هەرێم بواری زیاتر بەم كۆمپانیایانە بدات، چونكە لە داهاتوودا زەرەر بە مووچەخۆری كوردستان دەگەیەنێت، بۆیە حكومەتی هەرێم فشار لەسەر كۆمپانیاكان بكات.

دەشلێت: رێككەوتنێك كراوە كە هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان هەوڵیان داوە و حكومەت بەو پێشنیارە رازی بووە، بۆیە ئێستا كۆمپانیاكان ئەو پڕۆسەیە دوادەخەن، ئەوە زیان بە داهاتی ناوخۆ دەگەیەنێت ئەوەش كارێكی خراپە.