بیمەی تەندرووستى دەدرێتە سەرجەم هاووڵاتییانى عێراق
بەهامیدیا
بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی بیمەی تەندروستی لەوەزارەتی تەندروستی عێراق رایدەگەیەنێت، دەیانەوێت لەداهاتوودا سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق ببنە خاوەنی بیمەی تەندرووستی کە پاكێجەكانی خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی زۆربەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لەخۆدەگرێت.
عەلی ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی بیمەی تەندروستی لەوەزارەتی تەندروستی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، زیاتر لەیەك ملیۆن هاووڵاتی عێراقی بیمەی تەندروستییان بۆكراوەو دەیانەوێت لەداهاتوشدا سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق ببنە خاوەنی بیمەی تەندروستی.
ئاماژەى بەوەشکرد، پاكێجەكانی خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی زۆربەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لەخۆدەگرێت، كە زیاتر لە 245 جۆری نەشتەری، 410 جۆر خزمەتگوزاری تاقیگەیی و تیشك، 420 كەرەستەی چارەسەریی و 20 جۆری خزمەتگوزاریی دەم و ددان دەگرێتەوە.
عەلی ئەحمەد ڕوونیکردەوە، پرۆژەی بیمەی تەندروستی لەكۆتایی ساڵی 2023 خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەقۆناغی یەكەم و دوەمدا توانیویەتی 48 دامەزراوە لەبەغدا بەڕێكارەكانی بیمەی تەندروستییەوە لەخۆبگرێت.
|