شەکرە لە کاتی دووگیانی ئەگەری توشبوونی منداڵەکە بە ئۆتیزم زیاددەکات
بەهامیدیا
توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەدات لەوەی ئەو دایکانەی لە کاتی دووگیانیدا نەخۆشی شەکرەیان هەیە، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانیان بە ئۆتیزم زیاترە.
توێژەرانی بەشی توێژینەوەی کایزەر پێرمانێنت بۆیان دەرکەوتووە کە نەخۆشی شەکرەی کۆنترۆڵنەکراو دەتوانێت کاریگەری لەسەر گەشەکردنی مێشکی کۆرپەلە هەبێت، ئەمەش مەترسی ئۆتیزم زیاد دەکات.
توێژینەوەکە بە سەرۆکایەتی د. ئانی شیانگ، داتای زیاتر لە 400 هەزار منداڵی شیکردەوە و پەیوەندییەکی ڕوونی لە نێوان نەخۆشی شەکرە (جۆری یەکەم، جۆری دووەم، یان دووگیانی) و ئۆتیزم دۆزیەوە. منداڵانی دایکانی تووشبوو بە شەکرە 42% زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە ئۆتیزم هەبووە بە بەراورد بەوانەی کە دایکیان شەکرەی نەبووە.
بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردن یان بێ ئۆکسجینی و زیان بە گەشەی مێشک بگەیەنێت.
شارەزایان جەخت لەسەر گرنگی پشکنین و کۆنترۆڵکردنی زووی نەخۆشی شەکرە لە کاتی دووگیانیدا دەکەنەوە. لە کاتێکدا هەموو منداڵانی دایکانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە تووشی ئۆتیزم نابن، بەڵام کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن دەتوانێت مەترسییەکان کەم بکاتەوە.
NDTV:سەرچاوە
|