ڕاوێژکارێکی سوودانی: بودجەی عێراق موچە و خزمەتگوزارییەكان دابین دەكات
بەهامیدیا
ئەمڕۆ دوشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (الصباح)ـی عێراقی د.مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: لەسەر بنەمای سیاسەتی دولایەنە، بودجەی گشتی هەر سێ ساڵەكەی (2023" 2024 و 2025) كە سیاسەتێکی دارایییە بنیاتنراوە، كە تیایدا نرخی یەك بەرمیل نەوت بە (70) دۆلاری ئەمەریكا خەمڵێنراوە لەگەڵ گریمانەی كورتهێنان كە بڕەكەی بە (64) ترلیۆن دینارە.
وتیشی: بودجەی گشتی عێراق لەتوانایدایە كە سەرجەم پێداویستییە سەرەتاییەکانی لە موچەی فەرمانبەران، خانەنشینی، چاودێری کۆمەڵایەتی دابین بكات، هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە کەمتر لە (150-156) ترلیۆن دینار و پشتیوانی لە كەرتی کشتوکاڵییش بكات.
ڕاوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی گشتیدا بە (64) ترلیۆن دینار دیاریكراوە، دەتوانرێت لەڕێگەی قەرزکردنی ناوخۆیییەوە بەشێوەیەكی ئاسان دابین بکرێت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر سەقامگیری ئابوری هەبێت.
راوێژكارەكەی سودانی دەشلێت: سەرباری ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی لە ئەنجامی دەستپێكردنی جەنگی بازرگانی و گومرگی هاتوەتە ئاراوە، بەڵام دەكرێت بەڕێککەوتنێک کۆتایپێبهێنریت كەئەوەش هاوسەنگی بۆ ئابوری لەسەر ئاستی جیهان دەگەڕێنێتەوە.
|