127 ساڵە تێپەڕ دەبێت بەسەر دەرچوونى یەکەم رۆژنامەی کوردی

2025-04-22    88

بەهامیدیا 

22ـی نیسانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژنامەگەری کوردی دیاری کراوە کە 127 ساڵ یەکەمین رۆژنامەی کوردی بە زمانی کوردی لە قاهیرەى پایتەختى میسر دەرچوو، ئەمڕۆ دوای 127 ساڵ رۆژنامەگەری کوردی بەدەستى دەسەڵاتی خۆماڵی کوردییەوە لە ئاستێکی خراپدایە بەجۆرێک لەسەر نووسین خوێنی رۆژنامەنووس دەڕێژرێت.

127 ساڵ لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و لە ٢٢ی نیسانی ساڵی 1898 یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان  لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرەی پایتەختی میسر چاپكرا، ئەم دەستپێشخەرییە وەرچەرخانێكی ڕۆشنگەریی لە كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و بووە دەستپێكی قۆناغی ڕۆژنامەگەریی لە كوردستان.

رۆژنامەی کوردستان لەو رۆژگارەدا سەکۆیەک بوو بۆ بەرگریی و مانەوەی کورد تا لە نكۆڵیكردن و ستەم و لەناوبردن ڕزگار بكرێت، بەڵام ئێستا بووەتە سەکۆیەک بۆ شەڕی لایك و كۆمێنت و ناشرینكردنی یەکتری، بەشێک لەو میدیایەى ئەمڕۆ هەیە دۆخێکی نالەباری لەناو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دروستکردوە، خەریكە میدیای جددی و پیشەیی ون دەبێت و تەنها لەلایەن نوخبەیەكەوە بینەر و خوێنەری هەیە.
بە درێژایی ئەم چەند ساڵەى کە کورد حکومڕانی خۆی دەکا لە هەرێمی کوردستان ڕەوشی رۆژنامەگەری جێگای دڵخۆشی و شانازیکردن نییە، ئامارەکانى کوشتن و توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتەوە، هاوکات جۆری کارکردنى میدیاش بەهەردووکیان دۆخێکی شڵەژاو نابەرپرسیارانەیان درووست کردوە کە تێیدا هاوڵاتی بووەتە قوربانی.

بەپێی ئامارێكی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان 127 كەناڵی لۆكاڵی و 30 كەناڵی سەتەلایت و 179 رادیۆ مۆڵەتیان هەیە، جگە لەوەی 145 ماڵپەڕ لە هەرێمی كوردستان هەن، زیاتر لە هەزار گۆڤار و رۆژنامەش مۆڵەتیان هەیە بەڵام بەشێكی زۆریان داخراون، ئێستا ئیدی ماڵپەڕ و سۆشیاڵ میدیا خەریكە جێگەی تیڤییەكانیش دەگرێتەوە.

بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆش، لە ساڵی 2024دا 182 پێشێلكاری بەرامبەر بە 176 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی تۆماركراون، لەوانەش سێ حاڵەتی كوشتنی رۆژنامەنووسان بە درۆن دوانیان لە سەیدسادق و یەكێكیان لە شنگال.
بەڵام بەپێی ئاماری سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە ساڵی 2024 دا كۆی گشتیی ئەو ڕۆژنامەنوس و دەزگایانەی پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە 73 ڕۆژنامەنوس و دەزگابوون و 45 حاڵەت تۆماركراوە. لەو ژمارەیە 10 یان ڕاگرتن و دەستگیركردن بوون، حاڵەتێكیشیان هەڕەشە و كەناڵێكیش داخراوە، جگە لە لێدانی دوو ڕۆژنامەنوس.

ئەم دۆخەی ئێستای میدیای كوردی تێدایە و بووەتە هۆی كەمكردنەوەی كاریگەری میدیای جددی و بەرپرس، هاوکات بووەتە ئامڕازێکیش بۆ تێکدانی شیرازەى کۆمەڵایەتى و خێزان بەتایبەتى، هاوکات بووەتە ئامڕازێکی سەرەکیش بۆ دروستکردنى ناکۆکیکی سیاسی کە ئەمەش زیانی جۆراوجۆری لێکەوتووەتەوە.

بنەماڵەى بەدرخانییەکان لەو رۆژگارەدا کە بەهۆی سیاسەتى دڕندانەى دەوڵەتى عوسمانیەوە لە زێدی خۆیان دەرپەڕێندرابوون و ئاوارەى میسر بوون، پێنج ژمارەی رۆژنامەی کوردستانیان دەركرد و ئامانجیان ئەوەبوو دەنگی كورد بگەیەنن بە جیهان، هاوکات ئەو زوڵم و تاوانانەى بەرامبەر گەلی کورد دەکرا بەجیهانی بناسێنن.

 ئێستا لەسایەی حوكمڕانی كوردیدا بەهۆی دۆسیەی كوشتنی ڕۆژنامەنوسان و زیندانیكردن و پێشێلكارییەكان، چالاكوانان رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەڕاپۆرتەكانیدا رەخنەی توندیان لەهەرێمی كوردستان و عێراق گرتووە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم بەردەوام ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان ڕەتدەكەنەوە و باس لەوەدەكەن هەرێمی كوردستان لە ئازادی رادەربڕیندا لە پێشەنگدایە.