ئەوانەى بۆت باشن ئەوانە کەسی نزیکن، نەک ئەوانەى نزیکن و بێسودن
2025-02-24
دەگێڕنەوە جارێک باو بارانێکی بەهێز ڕووی لە گوندێک کرد، موختاری گوندەکە بڕیاریدا مەڕێک سەرببڕێت و خەڵکیش بانگهێشت بکات بۆ خوانی ئێوارە.
فەرمانی بەخزمەتکارەکەی کرد بچێت خەڵکی بانگهێشت بکات بـۆ ئەو خوانە، بەڵام خزمەتکارەکە خەڵکی بانگهێشت نەکرد بـۆ خوانەکە، بەڵکو چووە سەربازی مزگەوتی گوندەکە و هاواری کرد ماڵی فڵانە کەس ڕووخاوە بەسەریاندا و فریایا بکەون ڕزگاریان بکەین.
زۆرینەى خەڵکی گوندەکە گوێیان لە هاواری خزمەتکارەکە بوو، بۆیە ژمارەیەکی کەم لە دانیشتوانی گوندەکە چوون بەدەم بانگەوازی خزمەتکارەکەوە و زۆرێکیشیان نەچوون.
ئەو کەسانەى کە چوون بۆ ماڵی موختاری گوندەکە کەگەیشتە ماڵەکە بینیان هەموو شتێک ئاساییه و نەخانوو ڕووخاوە و نەهیچ، نەک هەر ئەوەش ئاگر کراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر مەنجەڵی چێشت و گۆشتی لەسەرە.
ئەوانەی چوونە ماڵی مووختارەکە ژمارەیان کەمبوو لەوانەش نەبوون کە خزم و کەس مووختار بن، موختار کە زانی خزمەتکارەکەی بانگ کردو لێی پرسی بۆچی ژمارەیەکی کەم خەڵکی گوندەکە هاتووە و ئەوانی تر نەهاتوون؟
خزمەتکارەکەش وتی: من نەمووت وەرن بۆ نانخواردن، بەڵکو وتم خانوەکەی تۆ ڕووخاوە بەسەر خۆت و ماڵ ومناڵتا فریامان کەون، بەڵام تەنیا ئەوانە هاتن کە دەیانبینیت.
موختار کە ئەمە دەبینێت، بڕیار دەدات پاداشتێکی باشی ئەو کەسانە و خێزانەکانیان بکات کە هاتوون بەدەم بانگەوازەکەوە و وانەیەکی جوانیش فێر دەبێت کە لەو کاتەدا کێ فریای کەوتووە.
لەم چیرۆکەوە ئەو وانەیە فێر دەبین لەکاتی پێویست و سەختییەکاندا خەڵکی دەناسیت، ئەوانەى نزیکتن پشتت لێدەکەن و کەسانێکیش پشتت دەگرن کە هەرگیز پێتوا نەبووە ڕۆژێک دێن بە هاناتەوە کە هەرگیز چاوەڕێی ئەوەت لێنەکردون.
بزانە ناڕەحەتى و سەختییەکان ھەڵوێستى کەسەکانت پیشان دەدات کە بە تەنیا جێت ناهڵێن، ئەوەى دەمێنێتەوە هەڵوێستە باشەکانە و پووچەکانیش لەناودەچن.
|