ئەو بیرکردنەوانەى ناهێڵن بە سەرکەوتن بگەیت

2024-10-13
کات گرنگترین شتە لە ژیانى هەر مرۆڤێکدا کە تەواوی کارو چالاکییەکانی گرێدراوە بە بەکارهێنان و سود وەرگرتن لەکات یان بەپێچەوانەوە بە فیڕۆدان و بەهەدەردانى، بۆیە کۆمەڵێک خووی ڕۆژانە هەیە وا دەکات کاتێکی زۆرت بێهودە بڕوات کە لە کۆتایی ڕۆژدا هەستت کردوە هیچت بە هیچ نەکردوە، جا بەهۆی کەمی کاتەوە بێت یان کەمی وزەی ئەرێنییەوە بێت، بۆیە کۆمەڵێک خوو هەیە کە دەبنە ڕێگری و ئاستەنگ لە سەرکەوتنەکانت کە ئەمانەن: ١.بەفیڕۆدانی کات: زۆرجار تاکە جیاوازی لە نێوان کەسێکی سەرکەوتوو و کەسێکدا کە پێشکەوتنی کەمی هەیە تەنها ئەوەیە کە ئەوانەی سەرکەوتوون هەمیشە گرنگی بە کات دەدەن، کاتەکانیان بە شتی دووبارە بەفیڕۆ نادەن. ٢. چاوەڕوانی کاتێکی گونجاو: زۆرێک لە ئێمە کاتێکی زۆرمان بەفیڕۆ دەدەین لە چاوەڕوانی هاتنە پێشەوەى هەلومەرجێکی گونجاوە، بەڵام کاتێک ئەزانی کاتێکی زۆرت رۆیشتووە و هیچ بڕیارێکت نەداوە و هیچ کارێکیشت نەکردوە، بۆیە بڕیاری ڕاست ئەوەیە ئەوەى دەتەوێ و پێتوایە بۆت گونجاوە بیکە. ٣. باوەڕبوون بە ئەنجامی کارەکانت، هیچ ئامانجێک نییە پێویستی بە بڕێک ماندووبوون و قوربانیدان نەبێت، ئەوەی لە تواناتدا هەیە بیکە، بە تواناکانت خۆت سەرسام بکە، بیرت بێت باشترە بێزار بیت لە کەمێک هەوڵدان و فێربوون نەک ماندوو بیت لە نەکردنی هیچ کارێک، هەوڵ هەرگیز بەفیڕۆ ناچێت، تەنانەت کاتێک ئەنجامێکی نائومێدکەریشی لێدەکەوێتەوە. ٤. ڕەتکردنەوەی قبوڵکردنی مەترسییەکان: هەر هەنگاوێک بۆ ژیانێکی باشتر و وەرگرتنى ئەزموون و فێربوون دەینێیت بێ مەترسی نییە، بەڵام نابێت بیر لە شکست بکەیتەوە و دەبێت قبوڵی هەموو مەترسییەکان بکەیت و بەردەوام بیت تا بە ئامانجەکانت دەگەیت.